کوردپرێس:
هەفتەی ڕابردووە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی ڕێککەوتنی کۆمپانیایێکی نەوتی نەوپا ئەمریکی لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا کرد.
پۆمپیۆ ڕایگەیاند کۆمپانیا نەوتی دڵتا کرسەنت ئەنەرجی بە مەبەستی تەیارکردن و نوێکردنەوەی کەرەستە نەوتییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و هەروەها بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ کوردەکانی سووریا ڕێککەوتووە.
لە لایێکی دیکەوە یک هەفتە پێشتریش هێزە ئەمریکی و فەڕەنسییەکان لە ئوپەراسیۆنێکی هاوبەشدا دەستیان کردبوو بە مەشق کردن بە هێزە کوردییەکان بۆ فێربوونی نوێترین ڕاڤە سەربازییەکان بەتایبەتی شێوەی کارکردن بە درۆن و هەورەها چەتربازی.
کوردپرێس لەبارەی ئەم دوو تەوەرەوە پرسیاری لە فابریس باڵانشە شرۆڤەکاری کاروباری سووریا و مامۆستای زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسا کردووە.
دوکتور باڵانشە لەبارەی ڕێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و کوردەکانی سووریا وتوویەتی: ئێستا گرینگترین تەوەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا هەمان ڕێککەوتنی نەوتیی نێوانیانە. ئەگەر کۆمپانیا ئەمریکییەکە بە بێ دەستوەردانی دەوڵەتی ناوەند یارمەتیی کورد بدات کە نەوتەکەی بەرهەم بهێنێت ئەوا هەنگاوێکی گەورەتری بەرەو سەربەخۆییی زیاتر بڕیوە.
مامۆستاکەی زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسا لەبارەی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکەی نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا و هێزە ئەمریکی و فەڕەنسییەکانیش بە کوردپرێسی وت: من دڵنیا نیم کە هێزە فەڕەنسییەکان لە مەسەلەی مەشق کردن بە هێزە کوردییەکانی ڕژئاوا بەشدارییان کردبێت.
دوکتور باڵانشە لەبارەی هەبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕاستە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە مانەوەیان لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بەڵام بوونەکەیان بوونێکی لاوازە. لەبارەی گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی کوردەکانی سووریاوە زانیاریم نیە. بەڵام ئێمەی فەڕنسی پێویستە بەرپەرچی سیاسەتەکانی ئەردۆغان بدەینەوە چوونکە تەداخولی لە کاروباری لیبیاش کردووە. فەڕەنسا نایهەوێت هێزێکی نوێ بنێرێتە سووریا بەڵام دڵنیا نیم کە ئەمریکاش لە سەر هەمان بڕیار بێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا لەبارەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا سەبارەت بە مانەوەی لە باکووری سووریا و هاوکاری کردنی کوردەکان بە کوردپرێسی وت: بە کورتی دەبێ بڵێین سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە دۆخەکەی ئێستا بپارێزێت و لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بمێنێتەوە و نەکشێتەوە.
Your Comment