ڕێبەری باڵای ئێران: تاکە هۆکاری کێشەکانی ئێمە تەنها سزا ئابوورییەکان نیە/ ئەو هاووڵاتییانەی لە کۆرۆنا زیانیان بینیوە قەرەبوو بکرێنەوە

بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارێکدا بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران قسەی لەگەڵ هاووڵاتییان کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 10ی گەلاوێژی 1399 کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جێژنی پیرۆزی قوربان، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارێکدا قسەی لەگەڵ هاووڵاتییان کرد کە وتەکانی ڕێبەری باڵای ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کەناڵی یەکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاو کرایەوە.

ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە پەتای کۆرۆنا و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و هەندێک تەوەری دیکەش کرد و ڕایگەیاند ڕاستە ئێران بە هۆی سزاکانەوە تا ڕادەیێک تووشی کێشە بووە بەڵام هەموو کێشەکانی ئێرن تەنها سزای ئابووری نیە.

ئایەتوڵڵا خامنەی ئاماژەی بە مەسەلەی کۆرۆناش دا و گوتی: خەڵکانێک هەن کە لە ڕیزی پێشەوەی بەرپەرچدانەوەی کۆرۆنا خەبات دەکەن سپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە ئەکەین و پێویستە قەرەبووی ئەو کەسانەش بکرێتەوە کە بە هۆی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕێبەری باڵای ئێران زیادیشی کرد سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران بێگومان تاوانە و ئەمریکاش پەیڕەوی سێ ئامانجی سەرەکی لە گەمارۆکان دەکات: یەکەم ئەوەی ئابووری ئێران تێکبشکێنێ و دووهەم ئەوەی ڕێگری لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بگرێت و سێهەم ئەوەی پێوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەرەی بەرخۆدان بپچڕێنێت. بەڵام ئەمە تەنها خەون و خەیاڵە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی زیادیشی کرد: ئەمڕۆکە شەڕ شەڕی ئیرادەیە و ئەگەر بەرەی بەلاڕێداچوون شکست بهێنێت ئەوا گەمارۆکانیش تێکدەشکێن. ڕاڤەی جیاکردنەوەی ئابووری لە نەوت کارێکی هەرەگیرنگە و ئەمەش یارمەتیی ئابووری ئێمە دەدات.

ڕێبەری باڵای ئێران گوتیشی خەڵکانێک هەن کە دەڵێن وزەی ئەتۆم بە کەڵکی چی دێت و یان دەپرسن کە من بۆچی دەڵێم لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکەم. دیارە وزەی ئەتۆم ئایندە و گەرەنتیی داهاتووی ئێمەیە و هۆکاری هەڵوێستەکەی من بۆ دیالۆگ نەکردن ئەوەیە کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە دیالۆگ بەو مانایە دێت کە ئێمە دەسەڵاتی هەرێمی و دەسەڵاتی بەرگری و سەربازی و ئەتۆمیی خۆمان دابنێین. دیارە هیچ وڵات و لایەنێکی بەشەرەف ئەو کارە ناکات.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بە ناڕەزاییەکانی ئەمریکاش کرد و گوتی دۆخی ئەمریکا باش نیە و ئەگەرچی پێدەچێت ناڕەزایییەکان لەم قۆناغەدا سەرکوت بکرێن بەڵام ئەمە ژیلەمۆیە و لە ئەنجامدا دەگەشێتەوە.

News Code 189537

Your Comment

You are replying to: .
captcha