بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژانە تورکیا بە تۆپ و فڕۆکە؛ رەنج و ماندووبوونی کاسبکارانی هەرێمی کوردستان دەسووتێنێت. تادێت مەترسییەکان زیاتر دەبن و ژمارەی گوندە چۆڵکراوەکان زۆرتر دەبن. تەنیا ئەمساڵ 20 گوند لە سنووری سیدەکان چۆڵ کراون.
تورکیا بەردەوامە لە دروست کردنی رێگەی ئۆتۆمبێل قەڵای سەربازی لەو ناوچانە. شەوانە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە هێرش دەکەنە سەر قەڵاکان و تورکیاش ناوچەکە بۆردوومان و تۆپباران دەکات.
رووبەری 45 کیلۆمەتری چوارگۆشە قەدەخەی هاتووچۆی تێدا راگەیێنراوە. لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی ئەو شەڕانەوە پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەست داوە و هەشت کەسی دیکەش برینداربوونە، نزیکەی دوو هەزار کەسی دەڤەرەکە ئاوارەی گوند و ناوچەکانی دیکە بوونە.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نیازی تورکیایە تاوەکوو ناوچەکانی خنێرە و نزیک بەربەزین بڕوات، "ماوەیێکە لە پێشڕەوی وەستاوە، بەڵام لە ئاسمانەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوامن و کەم رۆژ هەیە فڕۆکە ناوچەکە بۆردوومان نەکات".
بەرهەمی کشتوکاڵیی سنووری سیدەکان 10%ـی کۆی بەرهەمی ساڵانەی پارێزگای هەولێر پێکدێنێت، ئەمساڵ لە 50%ـی بەرهەمی ناوچەکە لە هەنگوین و بەرهەمی ئاژەڵی و بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکە کەم بووەتەوە.
لەوبارەوە هاووڵاتیێکی گوندنشین بۆ رووداو دەڵێت: "شەو نییە تۆپ و فرۆکە لەم گوندانە نەدەن، مەترسیی زۆرمان لەسەرە بەتایبەت ژن و منداڵ زۆر دەترسن.. گوللە بە ناو ماڵان دەکەوێت و کەس ناتوانێ شەو بچێتە دەرەوە. ناتوانی 100 مەتر لە گوند دوور بکەویتەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment