کوردپرێس:
شەلال گەدۆ سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کوردستانی سوورای لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە داهاتووی دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکە کوردییەکانی سووریا کردووە و توویەتی: چ بە تاکەکەسی و چ بە ناوی حیزبیشەوە کە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) بەشدارین هیوامان بەوەیە کە دانووستانی لایەنە کوردییەکان دەگاتە ئەنجام.
ناوبراو گوتیشی: ئێمە هیوامان بەوەیە کە لە ماوەیێکی کورتدا ئەم دیالۆگانەی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی و لایەنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد بگاتە ئەنجام چوونکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی چاودێریی دانوستانەکە دەکەن.
سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: هەموو لەوە ئاگادارن کە ئەمریکا وەک گەورەترین دەسەڵاتی جیهان لە پڕۆسەی دانووستانە کوردییەکاندا بەشدارن و لەگەڵ ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانییاش هاوکاریی بابەتەکە دەکەن.
شەلال گەدۆ زیادیشی کرد: بێگومان هەر کاتێک ئەم دەسەڵاتانە لە دانوستانە کوردی کوردییەکاندا بەشداری بکەن بەو مانایە دێت کە دیالۆگەکان دەگەنە ئەنجام.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە ئەوان وەک بەشێک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) بۆ ڕێککەوتن ئامادەن و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن کە لایەنی بەرانبەریش لە دانوستان ڕژد بێت.
Your Comment