کوردپرێس: عهدنان عوسمان كه هاوكات ئهندامی خانهی راپهڕاندنی گۆڕانیشه لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی گۆڕان قۆناغە مەترسیدارەکەی تێپەڕاند و ئێستا جارێکیتر لەسەر هەردوو قاچی خۆی وەستاوەتەوە، ههروهها ئاماژهشی بۆ ئهوهكردووه كه لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان توانای هەموو بڕیار و هەنگاوێکی هەیە.
رۆژی پێنجشەمە، ٩ی ٧ی ٢٠٢٠، جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە رەوشی سیاسی، ئابووری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لهكۆبونهوهكهدا، جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، جهختی كردۆتهوه لهوهی پێویسته حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەند بێت بە راگەیندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠، کە تەنها بۆ یەک مانگ مووچەی فەرمانبەران کەم ئەکرێتەوە و ئەو رێکارە کاتییە، ههروهها بزووتنەوەی گۆڕان جەخت ئەکاتەوە، کە حکوومەت هەرێم پابەندبێت بەو بەڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویسته، چاکسای ریشەیی لە کەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان، باج ئەنجامبدرێت.
دهقی راگهیهندراوهكه:
راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ پێنجشەمە، ٩ی ٧ی ٢٠٢٠، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە رەوشی سیاسی، ئابوری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرجەم ئەندامان سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ، هەروەها حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و هاونیشتیمانیان کرا، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا خۆنەویستانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردوە و پابەندبون بە خۆپارێزی.
تێیدا ئەم راسپاردە و بڕیارانە پەسەند کران:
یەکەم: جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کرد. قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی حوکمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە. هەروەها، جەختی کردەوە لە سەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی، وە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە کابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکومەتدا.
دوەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیندراوی کۆتایی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ کە تەنها بۆ یەک مانگ موچەی فەرمانبەران کەم ئەکرێتەوە و ئەو رێکارە کاتییە. بزوتنەوەی گۆڕان جەخت ئەکاتەوە کە حکومەت هەرێم پابەندبێت بەو بەڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
١. چاکسای ریشەیی لە کەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان، باج ئەنجامبدرێت.
٢. رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە پێویست ئەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردولا پابەندی ماف و ئەرکەکانیان بن.
٣. پێویستە دەستەبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و کۆتایی بە قۆرخکاری و دەستێوەردانی کۆمپانیای حیزبی بهێندرێت. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتیمانیان لە کاتی خۆیدا.
سێیەم: چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ بکرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و کردنیان بە دامەزراوەی نیشتیمانی.
چوارەم: مانەوە و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەکانی حکومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێکردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.
پێنجەم: سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستکرد و لاوەکی، کە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی.
شەشەم: بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام ئەدات.
دڵنیاین ئەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاکسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێئەپەڕێنین. بزوتنەوەی گۆڕان بە باوەڕێکی نەپساوە پابەندە بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخڵاقی خۆی کە هەمیشە وەک داکۆکیکاری مافی هاونیشتیمانیان ئەمێنێتەوە. لەم پێناوەدا هەمو هەنگاوێکی پێویست ئەگرێتەبەر.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment