«سێدکێ زیلان» مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ژمارەیێک کەس پارتی دیموکراتیکی گەلان بە شوێنکەوتووی پەکەکە وەسف دەکەن ڕایگەیاند: ئەمە بابەتێک نییە کە بە ئاسانی وەڵامی بدرێتەوە. پێشتر پەکەکە وەکوو حزبێکی چەکداری خۆی ناساندبوو و هەدەپە-یش لە دۆخێکی دیکەدا لەدایک بوو. ماوەیێک لە تورکیا پڕۆژەی ئاشتی لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و حکوومەتی تورکیا دەستی پێکرد و دەوری هەدەپە لەم نێوانەدا ڕوون بوو بەڵام ئەو پڕۆژەیە نەگەیشتە ئەنجام. هەر دوو لایەنەکە یەکتر بە پێبەند نەبوون تۆمەتبار دەکەن. پەکەکە حکوومەت تۆمەتبار دەکات و حکوومەتیش پەکەکە بە توندئاژۆی و کارشکێنی تۆمەتبار دەکات. بەڵام هۆکاری شکست هێنانەکە تەنها لەسەر پرسی کوردی تورکیا نەبوو بەڵکوو کوردستانی سووریا و کوردستانی عێراقیش بە پرسەکەوە گرێ درابوون.
ناوبراو درێژەی دا: پارتی دیموکراتیکی گەلان لەژێر کاریگەریی پەکەکە-دایە و ڕووداوە سیاسییەکانی تورکیاش کاریگەریی نەرێنیی لەسەریان هەیە. کاتێک کە پڕۆژەی ئاشتی درێژەی بوو هەدەپە لەبواری سیاسییەوە چالاک بوو و ڕۆڵی دەگێڕا بەڵام کاتێک گفتوگۆکان ڕاگیران هەدەپە-یش کەوتە ژێر کاریگەریی دۆخی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیاوە.
ناوبراو وتیشی: لەلایێکی دیکەوە توانای سەربازیی نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە هەڵناسەنگێندرێت و تا هەر ئاستێک ڕووبەڕووبوونەوەکەیان قورستر بێت کاریگەریی زیاتری لەسەر کۆمەڵگا هەیە و چالاکییە مەدەنیەکان و دەسکەوتە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە.
سێدکێ زیلان ڕایگەیاند: بەڕای من بابەتێکی دیکە سیاسەتی دەمیی پارتی دیموکراتیکی گەلان-ە کە دەبێت سیاسەتێکی نەرمتر پەیڕەو بکات چوونکە پارتی دەسەڵاتدار کاتێک گرژییەکان لەنێویاندا لە ئاستێکی دیاریکراو زیاتر دەبێت وەڵام دەداتەوە و دەسەڵاتی خۆی دەسەلمێنێت. بۆ نموونە لە پرسی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی هەدەپە دەیتوانی سیاسەتێکی دیکە بگرێتە پێش.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە دەستگیر کردنی ئەندامانی هەدەپە و هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارانی ئەو حزبە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەم مافناسە ڕایگەیاند: ئەو گوشارەی کە خراوەتە سەر هەدەپە مەعقووڵ نییە و ئەوەی کە سیاسەتوانانی هەدەپە بە پشتگیریی لە تیرۆریزم تۆمەتبار دەکات دروست نییە. کاتێک حکوومەت بۆ گفتوگۆی نێوان قەندیل و تورکیا داوای نێوەندگیریی لە هەدەپە کرد. ئێستا پارتی دیموکراتیکی گەلان بە هاوکاری کردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکات. ئەم پێوەندییە بەو مانایە نییە کە هەدەپە کارێکی نایاسایی کردووە، بەڵکوو ئەو پێوەندییە تەنها پڕۆژەیێک بوو بۆ ئاشتی ئەوەش بە بەرپرسیارێتیی حکوومەت. ئێستا سەلاحەدین دەمیرتاش هەر بەو بۆنەوە زیندانی کراوە و بیست ساڵ زیندانیان بۆ بڕیوەتەوە و دەڵێن تۆ ئەندامی گرووپی تیرۆریستی بیت و بەرپرسی هەڵەکانی خۆتی. ئەم هەڵمەتەی حکوومەت نە یاساییە و و دادوەرانە.
ناوبراو ئاشکرای کرد: ئەم هەڵمەتانە تەنها بەو هۆکارەوە نییە بەڵکوو، پارتی دیموکراتیکی گەلان لەبەرەی دژی حکوومەتدایە و دوژمنی پارتی داد و گەشەیە. ساڵی 2015 پارتی دیموکراتیکی گەلان توانی 13لەسەدی دەنگەکان لە تورکیا بەدەست بێنێت. نیوەی دەنگی کورد دەچێتە سندووقی هەدەپە و نیوەی دیکەشی دەچێتە سندووقی ئاکپارتیەوە. بۆیەش ئەردۆغان هەدەپە بە ڕکابەری خۆی دەزانێت.
سێدکێ زیلان زیادی کرد: ئەمڕۆکە ئاکپارتی لە دۆخێکی باشدا نییە و بووەتە چەند بەشەوە. هەم "ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ" و هەم "عەلی جان بابا" لە دۆستان و سەرکردەکانی پێشووی ئاکپارتی ئێستا بوونەتە ڕکابەری ئەردۆغان و چیدی پێویستیان بە هەدەپە نییە. لە ئێستادا حزبە نەیارەکان لەبەرامبەری ئاکپارتی و مەهەپە وەستاون و بە دوای گۆڕانکاریدان و هێشتا دیار نییە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن یان نا و یان تورکیا بەروە دیکتاتۆریەت دەڕوات یان نە.
ئەم مافناسە لەبارەی ئەوەی کە کێشەی حکوومەتی تورکیا تەنها پرسی پەکەکە-یە یان کێشەی لەگەڵ هەموو بزووتنەوەیێکی سیاسیی کوردیدا هەیە، وتی: چەند گرووپ لە تورکیادان. گرووپێک کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا دژبە کورد جەنایەتی زۆریان کرد و ژینۆساید و کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا لە دێرسیم، تا ئەمڕۆیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن. کەسانێک وەکوو تورگرت ئوزال و ماوەیێکیش ئەردۆغان باس لە مافی کورد دەکەن و هەندێکیش کوردستانی عێراق و سووریاش بە بەشێک لە ئێمپراتۆریەتی عوسمانی دەزانن.
ناوبراو زیادی کرد: پرسی پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و بۆ ئەم وڵاتە گرینگە. حکوومەتی تورکیا کەڵک لە پرسی پەکەکە وەردەگرێت و دەستوەردان لە باکووری عێراق و سووریا دەکات. حزبەکانی دەرەوەی پەکەکە-یش بڕوایان وایە کە تورکیا بۆ مەرامی خۆی کەڵک بە بابەتی پەکەکە وەردەگرێت بۆیەش من بڕوام وایە کە باشترە پەکەکە لە کوردستانی سووریا و عێراق ئامادە نەبێت. ئێستا لە ئایدۆلۆژیای پەکەکە و وێنەکانی ئۆجەلان لە کوردستانی سووریا ئیستفادە دەکرێت و ئەمەش دەبێتە بیانوویێک بۆ دەستوەردانی تورکیا لەو ناوچانە و هەر بەم بیانوویشەوە باکووری عێراق بۆردوومان دەکات و خەڵکی بێ تاوانیش لەم نێوانەدا دەکوژرێن. تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ حکوومەتی پێشووی عێراق لەبارەی سنوورەکان واژۆ کردبوو. ئەمریکا و ئەورووپا پەکەکە-یان وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە و بەپێی مافی نێودەوڵەتی تورکیا لەم بیانووە کەڵک وەردەگرێت.
سێدکێ زیلان وەبیری هێنایەوە: باشتر وایە پەکەکە خۆی لەم تەنگانە ڕزگار بکات و خۆ دوور بگرێت لە توندئاژۆیی. گرووپە چەکداریەکان بۆ هەر حکوومەتێک گێچەڵن و زۆرینەشیان هەندێک پرۆتۆکۆلیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە هەیە.
سێدکێ زیلان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە چارەسەریی کێشەی کوردی تورکیا چییە، لێکیدایەوە: بابەتی فەرهەنگی و زمانی و دادپەروەری پرسی زۆر گرینکن کە دەبێت چارەسەر بکرێن. ماوەی 50 ساڵە تورکیا دەیهەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. بەڵام پرسی کورد بوو بە هۆکارێک کە یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ئەو بابەتە هەستیار ببێتەوە و بۆ مافی کوردەکان گوشاری خستە سەر تورکیا. دووهەم بابەت بابەتی جوگرافیای کوردستانی تورکیایە. کەلی کورد لە تورکیا هەندێک مافیان هەیە و دەتوانن لە مۆدێلی سیاسیی جیاواز وەکوو خۆبەڕێوەبەری تاکوو فیدراڵی کەڵک وەربگرن. ئەمڕۆکە حزبە کوردەکان پێگەی یاساییان لە تورکیا هەیە بەدوای ئەم بابەتەدان بەڵام پارتی دیموکراتیکی گەلان سیاسەتێکی دیکە پەیڕەو دەکات.
ئەم سیاسەتوانە ئاشکراشی کرد: حزبە کوردەکانی تورکیا کە یەکیان گرتووە بەدوای چوار ئامانجدان. یەکەم زمانی کوردی وەکوو زمانی ڕەسمی بناسێندرێت و لە خوێندنگاکان و ئیدارە حکوومییەکان کاری پێبکرێت هەروەها دوو بابەت لەبارەی زمان گرینگە ئەوەش ئەوەی کە قەدەخە لەسەر زمانی کوردی هەڵبگیردرێت و هەندێک ئەنستیتۆی کوردی هەیە کە چالاکن بەڵام هەندێک کێشەی دیکە هەیە. بابەتی دیکەش کە مەشقی زمانی کوردیە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندنداو ئەوەش پێویستی بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتییە. حزبە کوردییەکان لەمبارەوە گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی تازە دامەزراوی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ و باباجان کردووە و ئەوان ئەم مەسەلەیانە قبووڵ کردووە و گرینگە کە هەدەپە-یش قبووڵی بکات. بابەتی دووهەم دامەزرانی ستاتۆیێکی کوردییە کە ئەم مۆدێلە، مۆدێلێکە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان. بابەتی سێهەم ئەوەیە کە لەژێر ناوی کورد و کوردستان لە تورکیا چالاکی بکرێت و چوارەم ئەوەیە کە ناوەندی بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دابمەزرێت.
ئەم مافناسە کوردە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ڕابوبۆچوونی ئێوە لەسەر هێرشی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا چییە، ڕایگەیاند: تورکیا بەدوای پاوانخوازیدایە و ئەمڕۆکە دەبینین کە بەشێکی زۆر لە کوردستانی سووریای داگیر کردووە، بەڵام پرسی هەرێمی کوردستان جیاوازە چوونکە هەرێمێکی فەرمی لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا لە عێراق دەسەڵاتدارە و هەموو پرسەکان لەژێر چاودێریی ئەمریکادایە. بوونی پەکەکە-یش لە قەندیل لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیێک لە شێوەکان بە ئەمریکاوە پەیوەستە. تورکیا ناوی تیرۆریستی لەسەر پەکەکە ناوە بەڵام تا ئێستا نەیوتووە پەکەکە عێراق چۆڵ بکات. هاتنی پەکەکە بۆ قەندیل پڕۆژەیێکە. قەندیل ناوچەیێکی ستراتێژییە و بۆ ئەوەی کە نەکەوێتە دەستی قاعیدە و گرووپە توندڕەوەکان ئەمریکا بوونی پەکەکە-ی لەو ناوچەدا قبووڵ کردووە.
ناوبراو جەختی کردەوە: لەلایێکی تریشەوە هەرێمی کوردستان نایەوێت شەڕی براکوژی لەنێوان کوردەکاندا ڕووبدات. لە بەرژەوەندیی میللەتی کورددایە کە پەکەکە قەندیل و چیاکانی دیکە تەسلیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. پەکەکە توانای نییە و ئەو هێزەی نییە کە زەبر لە تورکیا بدات بەڵام بەهۆی هەڵمەتەکانییەوە زیانی گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان.
سێدکێ زیلان ڕاشیگەیاند: پرسێکی دیکە کوردستانی سووریایە کە تورکیا نایەوێت هەرێمێکی کوردی لە سووریا دابمەزرێت هەر بەو چەشنە کە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان؛ ئێران و تورکیا و عێراق 40لەسەدی خاکی هەرێمی کوردستانیان جودا کردەوە و بە کردار هەرێمی کوردستانیان ناتەوان کرد هەر بەو شێوەیەش لە پەکەکە کەڵک وەردەگرن بۆ لەناوبردنی ئەم قەوارە سیاسیە یاساییە. تورکیا لەگەڵ بوونی هەرێمی کوردستان نەبوو و تا دە ساڵ ئەو ناوچەیەی بە فەرمی نەدەناسی و بەڵام بەناچار پاشان قبووڵی کرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment