داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ملیار و 861 ملیۆن دۆلار بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بە تێکڕا 84 ملیۆن و 490 هەزار بەرمیل نەوت بووە و داهاتەکەشی زیاتر لە دوو ملیار و 861 ملیۆن دۆلارە.

کوردپرێس: وەزراتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ئامارەکانی هەناردەی نەوت و داهاتەکەی بۆ مانگی حوزەیران بڵاو کردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هەناردەکراوە 84 ملیۆن و 490 هەزار و 194 بەرمیلە کە رۆژانە دەکاتە دوو ملیۆن و 816 بەرمیل.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "کۆی ئەو بڕە نەوتەی لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە مانگی حوزەیران هەناردەی بازاڕەکان کراوە 81 ملیۆن و حەوت هەزار و 675 بەرمیلە. هاوکات ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی کەرکووک هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە سێ ملیۆن و 482 هەزار و 519 بەرمیل بووە".

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە دا، بە تێکڕا رۆژانە دوو ملیۆن و 816 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە بە تەنیا لە بە ندەرەکانی بەسرە رۆژانە دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل هەناردەکراوە و هەناردەی نەوتیش بۆ بەندەری جەیهان رۆژانە 116 هەزار بەرمیل بووە و هەر بەرمیلێک نەوتیش بە 33.864 دۆلار فرۆشراوە.

لە مانگی نیساندا عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 438 هەزار بەرمیلی هەناردەکردبوو، هەر بەرمیلێکیش بە 13.801 دۆلار فرۆشرابوو.

دابەزینی هەناردەی نەوتی عێراق پەیوەستە بە پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە. بە گوێرەی رێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، دەبێت عێراق رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم بهێنێت.

رێککەوتنەکە کە لە مانگی نیساندا واژۆکرا، عێراق لەو مانگەدا نەیتوانی بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە ببێت و رۆژانە تەنیا 311 هەزار بەرمیل نەوتی کەم کردەوە.

لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپک پڵەسیش کە لە مانگی حوزەیران بەڕێوەچوو و رێککەوتنی نێوانیان تاوەکوو مانگی ئاب درێژکردەوە، عێراق رایگەیاند پابەندی رێککەوتنەکە دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189200

Your Comment

You are replying to: .
captcha