کوردپرێس: دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە
هاوشاريان و هاو نيشتمانیانی ئازیز
بێگومان هەمووتان ئاگادارن کە ڤایرۆسی كۆرۆنا(Covid 19) نەخوشیێکی عالەمگیرە و هەڕەشەیێکی بەهێزە لە سەر گیان و سەلامەتی مرۆڤەکان به بێ جياوازی ئایین و شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی هیچ گەل و کۆمەڵگایێک.
بێگومان ئەو هەڕەشەیە بۆ نیشتمانی پەراوێز خراو و گەلی هەژار و بندەست و چەوساوەی ئێمە زۆر مەترسیدارترە لە گەلان و خەڵکانی دەوروبەرمان، چوونکە مێژووی نیشتمان و خەڵکی خێر لەخۆ نەدیوی ئێمە پڕە لە کارەسات و دەیان و هەزاران تراژیدیا و ئازار وەکوو ئەنفال و كيمياباران و بۆردوومان و راگواستنی زۆرەملێ و مەرگی بە کۆمەڵ و شەهيدی ڕێگای ژیان و كولبەری و کوڵەمەرگی و ....
زۆر جێگای پەژارە و ئازارە کە سەرەڕای هەموو مەینەت و نەهامەتیەکان پەتای نەحس و نەفرەتی کۆرۆنایش روژانی كوردستانی پڕ کردووە لە مەرگ و نەمانی خەڵکانی هەژار و بێ دەرەتان و ڕوژ نیە هەواڵی دڵتەزێن و جەرگ بڕی ئازیزێک بەرگوێمان نەکەوێت کە هەر یەکەیان قەڵایێک بوون بۆ خەڵک و هیوایێک بوون بۆ نیشتمان.
بەم بۆنە خەمناکانەوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لە خزمەت بنەماڵەی ئازیزانی کۆچکردوو هيوادارم ئەمانە دوا کۆچی ئازیزان دوا کۆستی نیشتمان بێت.
ئازیزان و خۆشەویستان، خۆشک و برايانی دانیشتووی پارێزگا و شار و گوند و هاونیشتمانیانی بەڕێز، هیوادارم پاش ئەو هەموو مەرگ و نەهامەتیانە بەرۆکی شار و وڵاتی گرتووین، گرنگیی زۆرتر بدەن بە سەلامەتی خۆتان و ئازیزەکەنتان، چوونکە بە دڵنیاییەوە تەنیا چارەی ئەم دۆخە نەگریسە خۆپارێزیە لە پەتاکە و ڕچاو کردنی رێکارە تەندروستیەکانە.
دوبارە تکایە زیاتر و زۆرتر خوتان بپاريزن چوونکە به داخ و دڵگرانیەوە چیتر هيوا و متمانەمان به برپرسان نەماوه لە كاتێکدا کە ناتوانن پێداویستی و کەرەستەی دەرمان و خۆپارێزی بۆ پزیشک و پرستارەکان و کادر و ئەندامانی لەخۆ بردووی بنکە و مەڵبەندە بێهداشتی و تەندروستەکانمان دابین بکەن کە زیاتر له چوار مانگه گيان و ژياني خۆيان بۆ چاودێری و چارەسەری نەخۆشەکان تەرخان كردووه.
له كوتاییدا له خوای گەورە داواكارم به ڕەحم و كەرەم و بەخشندەیی خۆی شیفای خێر و سەلامەتی بۆ نەخۆش و تووشبووەکانمان بنێرێت.
له گەل ڕێز و حورمەتم بۆ هەمووتان
عەبدوڵڵا سوهرابی
Your Comment