هەولێر: تورکیا ڕێز لە سەروەریی خاک و نیشتمانمان بگرێت و پەکەکە ناوچەکە چۆڵ بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیێکدا لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمدواییەی تورکیا ڕایگەیاند بە دڵگرانى و نیگەرانییێکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنوورییەکان دەکەین، کە بووه هۆی زیانى گیانی و ماددى بە ھاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ناوچەكە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەکەدا هاتووە حكوومەتى هەرێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بە ھەر هۆکارێکەوە بێت.

داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین رێز له سەروەریى خاک و نيشتيمانمان بگرێت و پەکەکەش پێويسته ئەو ناوچانە چۆل بکات بۆ ئەوەی ئێدی نەبنە هۆکار بۆ دروست کردنى پشێوى لە ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان.

حکوومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوكاری قوربانیان دەکەین و هیواى چاک بوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189063

Your Comment

You are replying to: .
captcha