بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا و یەسار جولەر سوپاسالاری گشتی و ئومێد دوندار فەرماندەی گشتی هێزەکانی وشکانی ئەو وڵاتە سەردانی بنکەی سەربازی بیلیچیانی سوپای توركیایان کرد لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری بەرگری تورکیا لەبەردەم سەربازەکانی وڵاتەکەیدا وتی، تا ئێستا ٤٤ چەکداری پەکەکەمان کوشتووە و تا چەکداری پەکەکە لەم ناوچەیەدا هەبێت بەردەوام دەبین لە ئۆپراسیۆنەکانمان.
ناوبراو وتیشی، هیچ گرفتێکمان لەگەڵ کورد و هیچ هاوڵاتییەکدا نییە، بەڵام پێداگرین لەسەر کۆتایی هێنان بە پەکەکە، ئامانجی سەرەکی ئێمە کۆتایی هێنانە بە پەکەکە و هەڕەشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەتوانین ئەوەش ئەنجامبدەین لە پێناو فەراهەم کردنی ئاشتی و ئارامی لە نزیکترین کاتدا.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی كردەوە لەوەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی تورکیا دوو خاڵی گرنگن و بنەڕەتین لەلایان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment