جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: چەکی داعش لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت چەکی داعش لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە و بەداخەوە ئێمە حکوومەتێکین بیرمان لەوە نەکردووەتەوە هەندێک پێویستیی وەکوو دووربینی حەراری بۆ پێشمەرگە دابین بکەین.

کوردپرێس: جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەلەڤزیۆنی رووداوی رایگەیاند: "داعش خۆی رێکخستووەتەوە، جیاوازترە لە جاران و ئێستا هێزێکی نادیارە، نە شوێن نە هێڵی بەرگری دیارە، دزە دەکات لە هێڵی بەرگریی سوپای عێراق و جموجۆڵی خۆی دەکات و دەگەڕێتەوە ناوچەکانی."

جەعفەر شێخ مستەفا کە پێشتر فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگەش بوو هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ نەبوونی هاوئاهەنگیی سەربازی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت : "تاوەکوو هێزی هاوبەش دروست نەکەین و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان نەبێت، ئەو هێرشانەی داعش بەردەوام دەبێت."

لە هاوینی رابردووەوە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد بۆ دروست کردنی 6 ناوەندی هاوئاهەنگی، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە نەگەیشتە ئەنجام، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئۆباڵەکەی دەخاتە ملی لایەنە عێراقییەکان و دەڵێ: "لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر کۆمەڵێک شت رێکدەکەوتین، بەڵام کۆبوونەوەی دووەم نەدەکرا و لایەنی عێراقی پەشیمان دەبوونەوە."

جەعفەر شێخ مستەفا نەبوونی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە دەخاتە بەرژەوەندیی هەندێک گرووپی چەکدار، دەڵێ:" ئەمڕۆ عێراق هێزێکی گەورەی هێناوەتە بەرامبەر پێشمەرگە، لە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، پێویستە ئەو هێزانە ببرێنە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە، بۆیە من دەتوانم بڵێم پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە بەرژەوەندیی هەندێک هێز و گرووپی چەکداری عێراقی نییە".

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، "ئەو چالاکییانەی داعش ئێستا بەو چەکانە دەیکات، چەکی پێشکەوتوون، چەکی دەستیان لە چەکی دەستی پێشمەرگە باشترە، بەداخەوە ئێمە حکوومەتێکین بیرمان لەوە نەکردووەتەوە هەندێک پێویستیی وەکوو 'دووربینی حەراری' بۆ پێشمەرگە دابین بکەین." هەروەها دەشڵێت: "بە تەئکید چەکی ئەوان لە چەکی پێشمەرگە پێشکەوتووترە، لە دوورەوە پێشمەرگە دەبینن و بە نیشانشکێن دەیکەنە ئامانج."

جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: شەڕیش نەبێت هەر پێویستمان بە سوپایێکی یەکگرتوو و مەشق پێکراو هەیە بۆ ئەوەی گەرەنتی و دڵنیایی داهاتووی ئەو هەرێمە بێت، سوپایێکی یەکگرتووی پێشمەرگەمان هەبووایە، دەمانتوانی باشتر رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێشتر هیچ رێگرییەک نەبوو لەبەردەم یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، هاتنی داعش بووە ئاستەنگێکی بەردەم ئەو پرسە، ئێستا رێگرییەکان سیاسین، بەڵام هاوپەیمانان بە هێزەوە هاتوونەتە مەیدان.

لەبارەی ئەوەی کێ هۆکاری سەرنەگرتنی ئەو یەکگرتنەوەیە، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێ: تەنیا لایەنێک نییە، چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت، ئەگەر تەنیا لایەنێک بووایە بۆ هەموو خەڵکم دەستنیشان دەکرد، هاوپەیمانان دەڵێن سوپایێکی یەکگرتووتان بۆ دروست دەکەین، بەڵام خۆمان وەڵامێکی ئەوتۆمان نییە، ئەوەش لێدانی لەقەیەکە لە بەخت و خێری خۆمان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1851

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha