بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوە نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵحدا، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆش کردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق داکۆکییان لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردووە. هاوکات "بەگرنگییەوە" باس لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدیی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیک کردنەوەی بیروبۆچوونەکان کراوە، ئەوەش بە ئاراستەی "تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەکان."
راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە دەڵێت، تاوتوێ کردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە ناکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment