کوردپرێس:
بە گوێرەی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، "شەڕڤانان و هاوپەیمانان رووبەری 80 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە گوندەکانی پارێزگای حەسەکە کۆنتڕۆڵ کردووە".
هەروەها هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "شەڕڤانانیان لە گوندەکان و سنووری دێرەزوور رووبەری 60 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان پاککردووەتەوە و دەستیش بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیی پاشماوەکانی داعشدا گیراوە".
رەشۆ هلنج، فەرماندەی هێزی کۆماندۆ لە هەسەدە رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دانیشتوانی ناوچەکە هاوکاریی هەسەدە دەکەن و زانیاری لەبارەی شوێن و مۆڵگەکانی داعشەوە بە شەڕڤانان دەدەن".
فەرماندەکەی هێزی کۆماندۆ ئەوەیشی خستەڕوو، "ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەستیان پێکردووە تاوەکو رۆژئاوای رووباری فورات بەردەوام دەبێت". هەروەها تەنیا لە رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا 17 چەکداری داعش دەستگیر کرابوون.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە 2020/06/04 دەستی پێکرد، نزیکەی شەش هەزار شەڕڤانی هەسەدە، یەپەژە و هێزەکانی کۆماندۆ تێیدا بەشدارن و هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە ئاسمان و زەوییەوە هاوکاری هەسەدەن.
بڕیارە ئۆپەراسیۆنەکە کە دژی شانە نووستووەکانی چەکدارانی داعشە بە ئامانجی گورزلێوەشاندنیان، هەفتەیەک بەردەوام بێت. لە ناوچەکانی دشیشە تاوەکو باغۆز بەرەو سنووری عێراق دەگرێتەوە کە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و رێکارەکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵ کردووە.
Your Comment