لزگین بۆتان نوێنەری پێشووی HDP تایبەت بۆ کوردپرێس: ساحەی سیاسی چۆڵ ناکەین/ سیاسەت باشترە لە تفەنگ/ تورکیا نیازیەتی لە حەلەبەوە تا کەرکووک بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی

بەشی تورکیا-نوێنەری پێشووی شاری وان لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا نیازیەتی بە دوورخستنەوەی کورد لە پەرلەمان، سیاسەتی ترۆریزەکردنی کورد پەیڕەو بکات و بڵێت کورد تیرۆریستە.

کوردپرێس:

لزگین بۆتان نوێنەری پێشووی وان لە پشکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و تێیدا ئاماژە بە وەرگرتنەوەی مافی پارێزبەندی لە دوو نوێنەری هەدەپە و جەهەپە کرد و ڕایگەیاند: ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەی 2015وە دەستی پێکرد و کاتێک کە AKP بینیی پارتی دیموکراتیکی گەلان بەهێزترە بە شێوەیێکی فراوان هێرشی کردە سەر هەدەپە. بەڵام دیارە HDP سێهەم حیزبی گەورەی تورکیایە و لەبارەی مافی ژنان و گەنجان و گەلانەوە سیاسەتێکی گونجاو پەیڕەو دەکات بەڵام دەوڵەتی تورکیا دان بە گەلانی دیکەی ئانادۆڵۆ و مزۆپۆتامیادا نانێت و جگە لە تورک کەسی دیکەی لا قبووڵ نیە ئەوەش لە کاتێکدا هەدەپە هەموو سیاسەتە هەڵەکانی ئاکەپەی پووچەڵ کردەوە.

ئەو نوێنەرەی پێشووی شاری وان لە پەرلەمانی تورکیا بە کوردپرێسیشی وت: دەوڵەتی تورکیا پاکتاوکردنی کوردی دەست پێکردۆەوە و ئەمەش تەنها لە ڕووی سەربازییەوە نیە بەڵکوو لە ڕووسی سیاسییشەوە هێرش دەکاتە سەر کورد و هێرشەکانیش تەنها لە کوردستانی تورکیا نیە بەڵکوو بە ئاشکرا دەیبینن هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریاش دەگرێتەوە. AKP و MHP نیازیانە کورد ئاسمیلە و لاواز بکەن و لەناوی بەرن و چییان لە دەست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی زەبر لە کورد بدەن و پارتی دیموکراتیکی گەلانیش بەرپەرچی ئەم سیاسەتەی داوەتەوە و ئەمەش تووڕەیان دەکات.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە دەبینین دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد پووچەڵ بکاتەوە هێرشی کردە سەر کوردەکانی سووریا و هەروەهاش کوردستانی عێراق. تورکیا هەبوونی خۆی لە سەر بنەمای نەفی کردنی کورد دامەزراندووە.

لزگین بۆتان ئاشکراشی کرد: ئامانجی یەکەمی تورکیا ئەوەیە کورد لە پەرلەمان دوور بخاتەوە و ساحەی سیاسی لە کورد بسێنێتەوە. ئەم سیاسەتە لای یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوە مافپارێزە نێودەوڵەتییەکان پەسەند نەکراوە و هەموو لایەنێک دژی ئەم سیاسەتەن. تورکیا نیازیەتی بە دوورخستنەوەی کوردەکان لە پەرلەمان سیاسەتی ترۆریزەکردنی کورد پەیڕەو بکات و بڵێت کوردەکات تیرۆریستن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر کورد.

ئەو نوێنەرە پێشووەی هەدەپە لەبارەی سیاسەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە بەرانبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بە کوردپرێسی وت: گرینگ نیە چی ڕوو دەدات. گرینگ ئەوەیە بۆ سەلماندنی مافی خۆمان و کوردستانی بوونمان لە تورکیا لە ڕێچکەی سیاسەت لانەدەین. چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بە ڕێبازی تفەنگ دەستەبەر نابێت و تفەنگ بۆ کاتی ناچارییە و نابێت لە ڕێبازی دیبڵۆماسیەت و سیاسەت لابدەین چوونکە دەرەچەی سیاسی و مافەوانی باشترین بژاردەیە لەبەر ئەوەی دوژمنانمان بێزار دەکات و ئەوان حەز دەکەن ئێمە مەیدانی سیاسەت و ئازادی و دبڵۆماسی چۆڵ بکەین.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە پارتی دیموکراتیکی گەلان لە چەند حیزبی هاوکاری دیکەش پێکهاتووە کە بریتین لە سۆسیالیست و موسڵمانانی دیموکراتیک و لیبراڵ و هەروەهاش کۆتا و کەمینەکان وەک ئەرمەن و تورکمان و چرکس و عەلەوییەکان و ئێزدییەکان. بۆیە پێویستە سیاسەتی دیموکراتیک بوونی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییەکانیان بەهێزتر بکات و بە توانا و ورەی بەرزترەوە خەبات بکات و چۆک دانەدات.

هەندێک کەس ڕەخنەی ئەوە لە هەدەپە دەگرن کە بۆچی پەرلەمانی تورکیا بەجێ ناهێڵن. لزگین بۆتان لە وەڵامی ئەم لێدوانەدا بە کوردپرێسی وت: پەرلەمانی تورکیا زمانی حاڵ و نمانەی پەرلەمانی کوردستان نیە بەڵام لەو کاتەدا کە سیاسەتی نکۆڵی کردن لە کورد و زیندانی کردن و کوشتن و ئاسمیلە کردن بە شێوەیێکی بەرفراوان ئەنجام دەبێت کورد ناچارە لە ڕێگای سیاسەت و دیموکراسیەت لانەدات. کورد ئەمڕۆکە لە هەموو بەشەکاندا بەهێزترە لە دوێنێ. ماوەی پێنج ساڵە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەدەپە و پارێزبەندی لە پەرلەمانتارەکان وەردەگرێتەوە و قەیوم بۆ شارەوانییەکان دەستنیشان دەکات. هۆکارەکە بەس ئەوەیە کە لە هەدەپە دەترسێت. لە هەڵبژاردنەکەی خولی ڕابردوودا هەدەپە سیاسەتەکانی AKP و MHPی پووچەڵ کردەوە و لە ئەئستەنبوڵ و شارە گەورەکان توانیی کۆمەڵێک گۆڕانکاری دژی پارتی داد و گەشەپێدان دەستەبەر بکات.

نوێنەری پێشووی وان لە پشکی هەدەپە لەبارەی سیاسەتی هەدەپە و گەڕانەوە بۆ دامەزراوە و کۆمەڵگە دەولییەکان بە کوردپرێسی وت: پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتدا لەگەڵ ئەو کەس و وڵاتانەی دۆستی کوردن پێوەندیی باش و بەردەوام هەبێت. پێویستە لەگەڵ ڕۆژنامە و دامەزراوە یاسایی و مافپارێزەکان و ڕۆشنبیران و ئاکادمیسییەنەکانی ئەمریکا و ئەورووپا تەعامول و پێوەندیی زیاترمان هەبێت و ڕەفتاری دوژمنکارانەی تورکیا بە دۆکیۆمێنت و بەڵگە و لە چوارچێوەی دۆسیەی مافی مرۆڤدا بۆ دامەزراوە بەرپرسیارە جیهانییەکان بەرز بکەینەوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: دەوڵەتی تورکیا لە گۆڕەپانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی سیاسی دەتۆقێت و نیازیەتی بە هەموو شێوەیێکی سیاسی و بە تۆمەت لێدان و دۆسیە تۆمارکردنی ناڕەوا هەدەپە ناچار بکات دەست لە سیاسەت هەڵبگرێت بەڵام لەم کاتەی ئێستادا شەڕی چەکداری دتوانێت کورد نابوود بکات و لە هەمان کاتیشدا دەبێت بیانوویێک بۆ ئەوەی کورد بە تیرۆریست بزانن. هەر بۆیەش پێویستە کورد وریای ڕەفتاری خۆی بێت و بەردەوام بێت لە سیاسەت کردن چوونکە دەوڵەتی تورکیا ئێستا لە پێگەیێکی هەرەلاوازدایە و لە بەرانبەردا هەدەپە خاوەنی پێگەیێکی بەهێزە و ئەوانیش هەر لەم مەسەلەیە دەترسن. لە ئێستاشدا چ لە باری دارایییەوە و چ لە باری ورەوە دەوڵەت کەم تین بووە و لە سەرەولێژیدایە.

لزگین بۆتان لەبارەی ئەو گەنجەوە کە پێش چەند ڕۆژ بە بۆنەی گوێ گرتن لە مۆسیقای کوردی لە لایەن چەند ڕەگەزپەرستێکەوە کوژرا بە کوردپرێسی وت: ئەمە یەکەم جار نیە و دەتوانم بە سەدان نموونەی دیکەشتان بۆ بهێنمە کە لە بەر خاتری گوێ گرتن لە مۆسیقای کوردی یان قسە کردن بە زمانی کورد و چالاکیی هونەری کەسانێک کوژراون یان خود لە زیندانن. دەوڵەتی تورکیا تەنها مەبەستی ئەوەیە کورد ئاسمیلە بکات. نیازیەتی کورد بترسێنێت بۆ ئەوەی دەست لە مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی هەڵبگرێت. بەڵام دڵنیام سەرکەوتوو نابن چوونکە کورد هەرگیز دەستبەرداری مێژوو و فەرهەنگ و زمانی خۆی نابێت. کورد یەک لەو گەلە کۆن و ڕەسەنانەی ئەم وڵاتەیە. لە بەرانبەردا ئەوان ئەگەرچی دەوڵەتیشن بەڵام خاوەنی سەرەکیی ئەم وڵاتە نین و لە جێگایێکی دیکەوە هاتوونەتە ئەم جوگرافیایە. چیتر سیاسەتی نادیدەگرتن و سڕینەوەی گەلان کار ناکات و هەرچەندەش ئەوان دەسەڵاتیان زیاتر بێت ناتوانن کورد لەناو بەرن. کورد خاوەنی مێژووی خەباتی بەهێزە لە ناوچەکە و 60 ملوێن نفووسی هەیە.

ناوبراو گوتیشی: ئەردۆغان و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گەنجە کوژراوەکە کردووە کە دەست لە مافەکانی خۆیان هەڵبگرن و ڕایبگەیێنن کە لە کاتی نوێژدا ئەم شتە ڕووی داوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچی ڕاست نیە و کاتی نوێژ و بانگ نەبووە. هێرش و هەڵکوتانی ئەوان تەنها بۆ سەر گەنجێکی کورد نیە بەڵکوو ڕەحم بە مەزارگەی کوردەکان و زەوی زار و کێڵگەی خەڵکی کوردیش ناکەن. سەردەمێک بوو داعش هێرشی دەکردە سەر کورد بەڵام ئەمڕۆکە تورکیا لە هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریا هێرش دەکاتە سەر کورد و ڕۆژانە هاووڵاتییانی بێ تاوان دەکوژێت و ماڵ و موڵکیان دەسووتێنێت. دەوڵەتی تورکیا لە دەوڵەت بوون لایداوە و نیشانەکان لە سووریا پێمان دەڵێن کە دەوڵەتی تورکیا شەریکی داعش و نوسرەیە و دەستی لەگەڵیان تێکەڵە.

لزگین بۆتان لە کۆتاییدا لەبارەی هاوکاری کردنی ژمارەیێک لە لایەن و ڕەوتە کوردییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە کوردپرێسی وتک ژمارەیێک لە حیزبە حاکم و خاوەن دەسەڵاتەکان ئێستاش دەرک بە سیاسەتی تورکیا ناکەن و هاوکاریی ئەو دەوڵەتە دەکەن. سیاسەتی تورکیا ئاشکرا و ڕوونە. تورکیا نیازیەتی لە حەلەبەوە تا کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت و داگیریان بکات و بۆ گەیشتن بەو مەبەستەش خۆی لە هیچ نابوێرێت و بەشێکی ئەو هەڵمەتەشی جێبەجێ کردووە و ئێستا لە چەند ناوچەیێکی مووسڵ و کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا جێی پێی خۆی کردۆتەوە.

News Code 178959

Your Comment

You are replying to: .
captcha