دوو حیزبی PYD و ENKS نوێنەری کوردی سووریا نین/ عەقڵییەتی پەیەدە و ئەنەکەسە عەقڵیەتێکی کوردی نیە

بەشی سووریا- سەرۆکی جووڵانەوەی "کوردایەتی" لە سووریا بە کوردپرێسی وتووە پێوەندیی ئەو حیزبانەی بە نوێنەرایەتیی کوردی سووریا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا گفتوگۆ دەکەن لە سەر هیچ بنەمایێکی ڕاست دانەمەزراوە و هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو لە نێوانیاندا نیە و پێوەندییەکان تەنها لە سەر بنەمای پارە و بەرژەوەندیی حیزبی دامەزراوە و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردی تێدا ڕەچاو نەکراوە.

کوردپرێس:

حەسەن شێخۆ سەرۆکی جووڵانەوەی "کوردایەتی" لە سووریا وەک جووڵانەوەیێکی ڕەخنەگر لە حیزبە باڵادەستەکان ڕەخنە لە ئەو حیزبە کوردییانەش دەگرێت کە لە هەولێرن و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: هەموو تاکێک و هەموو حیزبێکیش ئاواتی ئەوەی لە دڵدایە کە یەکگرتنی لایەنە کوردییەکان لە بەر خاتری بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی کورد دەستەبەر ببێت چوونکە بە درێژاییی مێژوو خەڵکی کورد لە ژێر ستەمدا بووە.

ناوبراو گوتیشی: "پێویستە ئێمەی کورد پڕۆژە ونەخشەڕێگای ڕوونمان هەبێت بەڵام هیچ عەقڵییەت و فەلسەفەیێکی کوردی لە نێو حیزبە کوردییەکانی ئەمڕۆکە و لە دانوستانەکانیاندا نیە. ئەو حیزبانە یان خۆیان بە ڕێبازی چەپ و برایەتیی گەلانەوە ئاڵاندووە یان خود دروشمی کوردی و کوردایەتی دەڵێنەوە بەڵام لە خانەی کردەوەدا هیچیان پێ نیە و هیچیان نەکردووە. نموونەکەشی دەستدرێژییەکەی تورکیا بۆ عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی بوو کە ئەو حیزبانە نقەیان لێوە نەهات.

سەرۆکی جووڵانەوەی کوردایەتی لە سووریا زیادیشی کرد: هەر دانوستان و یەکگرتنێک کە لە سەر بنەما و جەوهەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی و قازانجی کورد دانەمەزرابێت سوودی بۆ خەڵک نابێت. بۆیە ناکرێت لێکنزیک بوونەوە و یەکگرتنی ئەو حیزبانە تەنها لە بەر بەرژەوەندیی حیزبی بێت.

ناوبراو لەبارەی پێوەندیی حیزبە کاراکانی کوردستانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا بە کوردپرێسی گوت: لە چەند دانیشتنێکدا کە لەگەڵ حیزبەکان کردمان ڕامانگەیاند کە هەموو ئەو پێوەندییانەی لەگەڵ دەسەڵاتە زلهێزەکان دەکرێت ئەگەر بە شێوەی ڕێککەوتنی نووسراو واژۆکراو نەبێت بە قازانجی هاووڵاتییان نابێت.

حەسەن شێخۆ پەیەدەی کردە بەردەنگ و جەختیشی کردەوە: پێوەندیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا ودەوڵەتی ناوەندیی سووریا لە سەر هیچ بنەمایێک دانەمەزراوە و هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو لە نێوانیاندا نیە و پێوەندییەکان تەنها لە سەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندی و پارە دامەزراوە بە بێ ئەوەی قازانجی کوردی تێدا ڕەچاو کرابێت. هەر بۆیەش ڕووسیا لە عەفرین و ئەمریکا لە گرێ سپی و سەرێکانی کشانەوە و ناوچەکەیان بۆ تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکان چۆڵ کرد.

ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا مکانزمێک بۆ دانوستانی نێوان حیزبە کوردییەکان و دەوڵەتی ناوەندی خراوەتە بەر دەست، بە کوردپرێسی وت: تا ئەم کاتە حیزبەکانی ئێمە نازانن داوای چی دەکەن. بڕوا بکەن ئەگەر ئێستا داوایان لێ بکرێت کە بۆ بچن بۆ گفتوگۆ کردن هیچیان پێ نیە کە داوای بکەن. تەنها لە بەر ئەوەش کە هەر یەکەو خاوەن بەرژەوەندییێکی تایبەتی خۆیانن و دۆخی کوردستانی سووریا بە شێوەیێکی دروست لێک نادەنەوە.

حەسەن شێخۆ زیادیشی کرد: چ پەیەدەش و چ ئەنەکەسەش خوێندنەوەیێکی دروستیان لە هەلومەرجی ئێستای کوردی سووریا و دیموگرافیای کوردستانی سووریا و پێکهاتەی کوردی نیە چوونکە ژمارەیێک حیزب هەن کە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان دامەزراون. ئەم حیزبانە ڕەسمی بەڕێز مەسعوود بارزانی و ڕەسمی بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان لە قامشلۆ بەرز دەکەنەوە. پێیان وایە کوردستانی سووریا بەشێکە لە حیزبەکانی ئەوان. هەر بۆیەش بەرژەوەندیی کورد لە سووریا پەراوێز دەخرێت.

ناوبراو هیوای ئەوەی خواست بەدیلی ئەو حیزبانە لە کوردستان دروست بکرێت و ئەو بەدیلە هەوڵ بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی کورد لە سووریا بدات و دەست بکات بە هەوڵی فراوانی دبڵۆماسییانە لەو پێناوە. ئینجا چ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بێت و چ لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان.

حەسەن شێخۆ دووپاتی کردەوە کە حیزبەکانی کوردستانی سووریا لە ئێستادا هەڵگری دنیابینیی کوردی نین و هەر یەکەو سەر بە وڵاتێکن و توانای دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کوردیان نیە.

ناوبراو گوتیشی: ڕووسیا لە ڕێگای دەوڵەتی ناوەندی و ئەمریکاش لە ڕێگای کوردەوە نیازیانە دەستیان بە سامان و نەوت و سەرچاوەی داهاتی سووریا بگات. نزیک بوونەوە لە کورد و شەرعیەت پێدانیان بە کورد هەمووی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیانە و مافی کورد و پێوەندیی دوولایەنە و بەرانبەریان لا گرینگ نیە.

سەرۆکی جووڵانەوەی کوردایەتی لە سووریا لە کۆتاییدا بە کوردپرێسی وت: ئەگەر ئەم حیزبانە دەتوانن با بە ئەمریکا و ڕووسای بڵێن کە دەبێت تورکیا لە کوردستانی سووریا بچێتە دەرەوە یان خود گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بۆ ئەوەی دان بە مافی کوردەکاندا بنێت یان خود با لە دانوستانەکانی ژنێڤدا گوشار بخەنە سەر کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئەوەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا مافی کوردەکان لە دەستووری نوێی سووریا ڕەچاو بکات.

News Code 178918

Your Comment

You are replying to: .
captcha