عەشیرەکانی حەسەکە و دەیرەزوور پشتگیریی گفتوگۆی لایەنە سوورییەکان دەکەن

بەشی سووریا- سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە لە دانیشتنێکدا کە بە بەشداریی عەشیرەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا بەڕێوە چوو داوا لە دەوڵەتی ناوەند کرا وێڕای ئامادەکردنی زەمینەی پێویست بۆ دانووستانی لایەنە سوورییەکان، دان بە شەرعیەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بنێت.

کوردپرێس:

حاکم خەلۆ ئەندامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە ئەم قەیرانەی ئێستای سووریا ئەنجامی دەستوەردانی لایەن و دەسەڵاتە بیانییەکانە و لەگەڵ ئەوەش نەرمی نەنواندنی دەوڵەتی ناوەندی و جووڵەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیش بۆتە باری سەربار و ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتانە نەخرێتە ڕوو سووریا بەرەو دابەش بوون و بەزینی سەرورەی دەبات.

حاکم خەلۆ گوتیشی پێویستە هەموو لایەنەکان لە بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا بێنە سەر هێڵ چوونکە تورکیا بە یارمەتیی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی نیازیەتی داگیرکاریی زیاتر بکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە ئاماژەی بەشداری کردنی نوێنەری عەشیرەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لە دانیشتنی کەسایەتی و بەرپرسانی عەرەب و کوردی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا کرد و گوتیشی: نوێنەرانی عەشیرەکانیش لەو دانیشتنەدا جەختیان کردە سەر گفتوگۆی نێوخۆی لایەنە سوورییەکان و نووسینەوەی دەستووری نوێ و چارەکردنی قەیرانی سووریا لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا.

ناوبراو زیادیشی کردک نوێنەرانی عەشیرەکان لە بەیانی کۆتاییدا ڕایانگەیاند کە قەیرانی سووریا تەنها بە ڕێککەوتنی لایەنە نێوخۆیییەکانی سووریا چارەسەر دەکرێت و دەستوەردانی دەسەڵاتی بیانییەکان ڕەت دەکەنەوە و پێویستە حکوومەتی سووریاش دان بە شەرعیەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بنێت لەبەر ئەوەی ئەو هێزانە لە پێناو ئازادکردن و بەرگری کردن لە سووریا جەنگاون.

شایانی باسە ڕۆژی یەکشەمە 10ی ئاداری 2020 کۆبوونەوەی بەرپرسان و کەسایەتیی باڵا سیاسییەکانی عەرەب و کورد و ئاشووریی ناوچەی جزیرە و دەیرەزوور لە کوردستانی سووریا بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە بارەگا سەربازییەکانی ڕووسیا لە گوندی "المباقر"ی باکووری شاری تەلتەمەر لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوە چوو.

News Code 178688

Your Comment

You are replying to: .
captcha