کوردپرێس:
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێی سەر بە ئامێدی بە رووداوی راگەیاند "بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە رووبەری هەزار دۆنم لە دارستان و رەز و باخی سێو، هەنجیر و ترێی ناوچەکە سووتاون".
بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ گوتیشی، ئەو ئاگرەی لە زناری کێستە کەوتووەتەوە گەیشتووەتە نزیک گوندی کێستە و زیان بە ژینگەی ناوچەکەش کەوتووە.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە 31 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و شەش سەربازیش برینداربوون. ئاکار لە ناوەندی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە جۆلەمێرگ گوتی، درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکەمان دژی پەکەکە و تەواوی رێکخراوە تیرۆریستییەکانە و بە هیچ شێوەیەک دژی هیچ نەتەوە و مەزهەب و ئایینێک نییە و پێویستە هەموو جیهانیش بزانێت کە بە هیچ شێوەیەک نەتەوە و مەزهەب و پەیڕەوانی ئایینەکان ناکەینە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکان تاوەکو ئەوکاتەی دوایین تیرۆریست لەناودەبرێت، ناوەستن. ئەوکاتەی دوایین تیرۆرست ناچالاک دەکرێت، ئینجا ئەرکمان لە ئۆپەراسیۆنەکە تەواودەبێت".
هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە لەلایەن خۆیەوە ئامارێکی دیکە لەبارەی شەڕەکە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، لە ناوچەی مەتینان 8 سەربازی کۆماندۆیان کوشتوون و 16ی دیکەشیان بریندارکردوون و ئاماژەی بەوەش کردووە، لە زاپ و ئاڤاشینیش پێکدادان بەردەوامە.
Your Comment