٢٩ نیسان ٢٠٢٠ - ١٤:١٢
"ن" وەکوو نان، "خ" وەک خانوو

بەشی یادداشت- پاش ئەوەی پێشوازییێکی بەرچاو لە زنجیرە فیلمی نوکتەی "پایتەخت" کرا، ئیرادەیێک لە ناوەندی دەنک و ڕەنگ دروست بوو بۆ پیشاندانی دیکەی هەرێمە کەلتوورییەکانی ئێران. بۆیەکرماشان وەک گەورە پارێزگایێکی خاوەن هەمەجۆریی فەرهەنگی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی زنجیرەی "نون خ2"ی تێدا دروست بکرێت ئەوەش پاش ئەوەی زنجیرەی یەکەمی فیلمەکە لە ساڵی 98دا پێشوازیی ئەوتۆی لێنەکرابوو.

کوردپرێس:

کرماشان لە ئەدەبی فۆلکۆری باوی کۆمەڵگەی کوردیدا وەک گەورەترین شاری کوردنشین ناسراوە. ئەگەرچی ناوبەناو ڕەخنەشی لێگیراوە بەڵام ئەوەی لای هەموان ڕوونە ئەوەیە کە کرماشانیەکان بە هێمای پاڵەوانێتی و جوانمێری و دڵپاکی ناسراون و خەڵکی ڕەسەن و ئاریایی و ئێراندۆستی ئێرانن.

بە پێی زۆر بەڵگە و داتا، سیمای کرماشان بە درێژاییی مێژوو ئاوێنەی کولتووری ڕەسەنی کوردەکان بووە. هەر بەم پێیەش نووسەری فیلمنامەی زنجیرە فیلمی نوکتەی "نون خ 2" هەوڵی داوە بەشێک لە ئەو فەرهەنگە ڕەسەنە کرماشانی و کوردییە نمایش بکات و لەگەڵ ئەوەش هەوڵی داوە بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکانو بەرهەمە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ئاهەنگ و جەژنی نەریتی و خۆجێیی بناسێنێت کە هەناری هەورامان یەک لەو نموونە بەرهەمانەیە.

ئەگەر واز لە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەو زنجیرە فیلمە لەباری تەکنیکییەوە بهێنین فیلمەکە شایستەی ئەوەیە کە لەو ڕووەوە بۆتە ئاوێنەی ڕاستگۆیی و دڵپاکیی بەشێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی ئێران ستایش بکرێت. ئەگەرچی فەرهەنگی کوردەکان و بەتایبەتی خەڵکی کرماشانیش تا ڕادەیێک زۆر لای سەرجەم هاووڵاتییانی ئێرانی شتێکی ناسراو و ئاشنایە بەڵام بەرهەمهێنانی زنجیرە فیلمێکی نوکتەیی بۆ بیرهێنانەوەی پێگەی کوردەکان لە پێکهاتنی کولتووری ئێران، دەستپێکێکی جێایەخ و گونجاوە. هەڵبەت ئەوەش لە بیر نەکەین کە ئەو بەرهەمە تەنها بەشێکی بچووک لە ڕەهەندە جیاوازەکانی کەسایەتیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کوردەکان وەک هاووڵاتیی ڕەسەنی ئێرانی پیشان دەدات و توانای ئەوەی نیە هەموو لایەنەکان نمایش بکات.

هاوکات لەگەڵ نوکتە و پێکەنین، فیلمی "نون خ2" دەپەرژێتە سەر زۆر ئازار و ژانی کوردەواری کە چیرۆکی کۆڵبەر و کۆڵبەری یەک لەو ئازارانەیە و گێڕانەوەی چیرۆکی کۆڵبەرەکان فرمێسکی هەموو مرۆڤێکی خاوەن بەزەریی دەڕێنێت. بەڵام کورد بە شادی و هیوا ژیاوە. ئەمە تەنها هونەری خەڵکی کوردە کە لە ناخی هەموو ئەو خەم و ئازارانەوە شادی هەڵقوڵێنن و بە پشوودرێژی و ئیرادەی پۆڵایین دژوارییەکانی تێپەڕێنن و هەرگیز ڕۆژی داهاتوویان بە ڕەشی و تاریکی نەبینن.

ڕەخنەگرتن لە شتە ئاساییەکان دیاردەیێکی فەرهەنگییە و هیچ دیاردەیێکی فەرهەنگییش لە ڕەخنەکان پارێزراو نابێت. لەم ماوەیەدا زۆر ڕەخنەی بەسوود لە زنجیرە فیلمی "نون خ" گیراوە. بەڵام وتەی ژمارەیێک لە چاودێران یان خود بۆچوونی هەندێک لایەنی دیاریکراو کە دەڵێن زنجیرە فیلمەکە مەبەستیەتی فەرهەنگی دواکەوتوویی زەق بکاتەوە لە شتێکی ڕاست ناچێت. بڕیار نیە بە کارێکی کورتی تەلەڤزیۆنی هەموو ڕەهەندە فراوانەکانی مێژوو و کولتوور و شارستانییەتی پێکهاتەیێک نمایش بکرێت.

نە ئەسپە مەستەکان ئاوێنەی پڕبەباڵای ژیانی کوردەوارین و نە "نون خ" دەتوانێت ببێتە نانەواخانەی شادیی کوردەکان. بەڵکوو ئەو زنجیرەیە وەک کوناوەجە و ڕوانینی تایبەت بە خۆی هەوڵ دەدات هێمایێک لە کەلتووری هەزار ڕەنگی ئەم وڵاتە بگێڕێتەوە و زامەکانی پیشان بدات و هەر یەکە لەو ڕوانینانەش بەش بە حاڵی خۆیان جێی ستایشن.

"نون خ 2" سەرباری هەموو کەمایسییەکانی بە باشی توانیویەتی بە فەرهەنگی شیرینی کوردەواری، لەم ڕۆژە دواژرە کۆرۆناییانەدا بەش بە حاڵی خۆی بۆ ماوەیێکی کورت دڵی هاووڵاتییانی ئێران شاد بکات و ئەمەش کارێکی جێبایەخە.

دوور نیە دیکەی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەش خەیاڵی ئەوەیان بە سەردا بێت کە لە ڕێگای تەلەڤزیۆن و میدیای نیشتمانی خۆیانەوە دەست بکەن بە ناساندنی فەرهەنگ و نەریتی خۆیان. بۆ نموونە زنجیرە فیلمی "باجناقلا" شێوەیێک لە پێوەندیی عاتیفیی نێوان بنەماڵە ئازەرییەکان پیشان دەدات و هەرگیز ڕەخنەیێکی خراپی لێنەگیرا و توانێجێکی لێنەدرا و کەسیش نەیوت ئەو بەرهەمە هەموو فەرهەنگ و پێوەندیی بنەماڵە ئازەرییەکان دەگێڕێتەوە. دیارە هەموو ئەم بەرهەمانە تەنها هەوڵێکن بۆ ئەوەی سووچێک یان سکانسێک لە ژیانی تێکەڵ بە ئازار و شادیی ناوچە جیاجیاکان بگێڕێتەوە.

بڕیار نیە هەموو سکانسێکی فیلمی "نون خ2" پیشاندەری هەموو فەرهەنگی کۆمەڵگاکە بێت. ڕەنگە بەرهەمێکی تر لۆ ناساندنی بەشێکی دیکەی ئەم زێدە فەرهەنگییە وەڵامێک بێت بۆ هەندێک لەو ڕەخنانەی لەم فیلمە گیراوە.

ئەوەش لە بیر نەکەین کە خوێندنەوەی خەڵکی سەرشەقام بۆ دیاردە فەرهەنگییەکان جیاوازیی زۆری لەگەڵ خوێندنەوەی نوخبەکان هەیە و وا دەردەکەوێت کە زۆرینەی هاووڵاتییانی سەرشەقام لەو ڕووەوە کە پێوەندیی قووڵتریان لەگەڵ دیاردە فەرهەنگییەمانی کۆمەڵگا هەیە خوێندنەوەشیان لە ڕاستییەکانەوە نزیکترە و پێویستە چینی نوخبەش ڕوانینێکی واقعیتر و دەرکپێکراوتریان لەو بابەتانە هەبێت. بۆیە وا دەردەکەوێت کۆمەڵگەی کوردی لەو زنجیرە فیلمە نوکتەیییە نەڕەنجاوە و سەرجەم هاووڵاتییانی دیکەی ئێرانیش تا ڕادەیێک سەفا و دڵپاکیی کورد وبەتایبەت هاووڵاتییانی کرماشانیان لەو فیلمەدا پەسەند کردووە و بەدڵیان بووە.

لە باری گەشتیارییشەوە پێویستە چاوەڕوان بکەین بزانین پاش تێپەڕینی قۆناغی کۆرۆنا ئەنجامی ئەم پیشاندانە چی دەردەچێت و ئایا هیچ کارتێکەریی لە سەر کەرتی گەشتیاری لە پارێزگای کرماشان و هەڵکشانی داهاتی خەڵکی ناوچەکە دەبێت یان خەیر.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 168528

Your Comment

You are replying to: .
captcha