نێچیرڤان بارزانی بەردەوامە لە ناردنی یارمەتیی پزیشکی بۆ کوردستانی سووریا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو تاقیگەی دیکەی پێشکەوتووی پشکنینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی کوردستانی سووریا دەکرێت و رادەستی نوێنەری هەسەدە دەکرێت.

کوردپرێس:

تەلەڤزیۆنی رووداو لە دەروازەی سنووریی سێمێلکا رایگەیاند، بڕیارە کەمێکی دیکە تاقیگەکان بگەن "لێرە مستەفا بالی، نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئامادەیە لەگەڵ هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ئەوەی پێشوازی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بکەن و تاقیگەکانیان رادەستبکرێت".

رۆژی 9ـی نیسان دوو تیمی پزیشكی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونە كوردستانی سووریا بۆ راهێنانی 26 كارمەندی پزیشكیی تاقیگەیی، هەروەها پێداویستییەكانی دوو تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا بە هەموو كەرستە و پێداویستییەكانەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان نێردران و دوو تاقیگەكە دامەزرێندران.

بە گەیشتنی ئەو دوو تاقیگەیە، ژمارەی ئەو تاقیگانەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی کوردستانی سووریا کراون دەبنە چوار تاقیگە. پەیامنێری رووداو دەڵێت "دوو لەو تاقیگانە لە قامشلۆ دانراون".

دوای رادەستکردنی دوو تاقیگەی یەکەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە تویتێكدا ئەو هاوكارییە مرۆییەی نێچیرڤان بارزانی ئاشكراكرد و رایگەیاند، "زۆر سوپاس و رێز بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی، بۆ بەدەنگەوەهاتنی خێرا و دڵفراوانی بۆ داواكارییەكەمان و ناردنی دوو تاقیگەی پزیشكی بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و، هەوڵدانی بۆ ناردنی زیاتر وەك پشتیوانییەك بۆ هەوڵەكانی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوە پەتایە".

پێش گەیشتنی هاوکارییە پزیشکییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستانی سووریا، دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناچاردەبوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان چاوەڕێی وەڵامی شام بێت کە چوار تاوەکوو حەوت رۆژی دەخایاند.

News Code 168457

Your Comment

You are replying to: .
captcha