بەرپرسی باڵای سەربازیی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەکانی یەکێتی و پارتی-دا ڕوویدا بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا هەموو ئەو هەواڵ و دەنگویانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەکەن لەنێوان پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی مەعلوومەی عێراقی لەزاری سەرچاوەیێکی ئاگاداری عێراقییەوە ڕایگەیاند ناکۆکیێکی سیاسیی توند کەوتۆتە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان و تەنانەت شەڕی چەکداری لەنێوان هەوادارانیانەوە ڕوویداوە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی بدرکێندرێت ناکۆکییەکەی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتۆتەسە ئاستێک کە لە ناوچەی «وەرتێ» لە ڕانییە و خەلیفان، شەڕی چەکداری کەوتۆتە نێوانیان.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ئەم هەواڵە و هەواڵی هاوشێوە کە لە هەندێک لە میدیاکانەوە بڵاو بووەتەوە ڕایگەیاند: هیچ جۆرە شەڕێک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا دروست نەبووە تەنانەت گرژی-ش دروست نەبووە نەوەکوو شەڕ بێت. بەڵکوو تەنها فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی ناوچەی وەرتێی کردووە و ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە پەکەکە-ی لێبووە دەنا هیچ شەڕ و گرژیێک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕووینەداوە.

ناوبراو لەبارەی بڵاو بوونەوەی هەندێک هەواڵ کە گوایا لەنێوان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لەسەر کونترۆڵی وەرتێ ناکۆکی و کێشمەکێش دروست بووە وتی: ئەمانە هەمووی هەواڵی ڕاگەیاندنەکانە. ئەم هێزەش کە هاتۆتە ئەو شوێنە هێزێکە تێکەڵە لە پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لە هێزەکانی 70 و 80 و هیچ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەیێک لەنێوانیاندا نەبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی مەعلوومە کە ژمارەیێکی زۆر لە میدیاکانی دیکەش بڵاویان کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی زۆر ناڕازییە لە سەرکردایەتیی نوێی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوسەرۆکیی «لاهوور شێخ جەنگی» و «باڤڵ تاڵەبانی» و لەلایێکی دیکەشەوە یەکێتیی نیشتمانی شایەتحاڵی تاکەڕەویی ئەمنیەتیی و ئابووریی پارتییە لە هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستان.

فەریق جەبار یاوەر وێرای ڕەت کردنەوەی هەموو ئەم ڕاپۆرتانە لەبارەی هۆکاری بڵاوکردنەوەیان بەبێ سەرچاوەیێکی متمانە پێکراو ڕایگەیاند: ئێستا کەشێکی ناسەقامگیری سیاسی بە گشتی لە عێراق هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش ماوەیێکی زۆرە کۆبوونەوەیێک لەنێوان حزبە سیاسییەکاندا بەڕێوە نەچووە. جگە لەمەش بەتایبەتی یەکێتی و پارتی ماوەیێکە دوو مەکتەبی سیاسییەکەیان کۆبوونەوەیێکیان ئەنجام نەداوە. دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژادانی هاوسەرۆکانی نوێی ئەو حزبە پێیوست دەکات کۆبوونەوەیێک ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی باسی بابەتە ستراتێژیکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان زیادی کرد: جگە لە ئەمانەش ئاگادارن کە ئێستا سوشیاڵ میدیا ئازادیێکی یەکجار فراوانی تێدایە و هەموو کەسێک دەتوانێت لە پەیجەکانی خۆی هەروەها لە سایتەکان بە ئارەزووی خۆی هەواڵ بڵاو بکاتەوە یان ڕەخنە بگرێت و جنێو بدات بە خەڵک؛ لێرە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەم چەشنە هەواڵە ناڕاستانە کە هیچ بنەمایان نییە بڵاو دەبنەوە.

ناوبراو لەبارەی عێراقیشەوە وتی: لەبارەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش دەبێت بڵێم لە عێراق هێشتا ناسەقامگیری سیاسیی هەیە و هێشتا کوتلە سیاسییەکان ماوەیێکی زۆرە ڕێکنەکەوتوون لەسەر حکوومەتێکی نوێ لەعێراقدا؛ لەلایێکی دیکەوە ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێم بەتەواوێتی چارەسەر نەکراوە ئەمانە هەموویان زەمینە خۆش ئەکەن بۆ ئەم هەواڵانەی کە بڵاو دەبێتەوە و دوورن لەڕاستی و هیچ بنەمایێکیان نییە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168375

Your Comment

You are replying to: .
captcha