نەوت ناتوانێت کوردانی سووریا ڕزگار بکات

بەشی جیهان- دکتۆر جوزێپە ئاکۆنشا بە ئاژانسی کوردپرێسی وت نەوت ناتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ درێژەی پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە کوردی سووریا و هەروەها نابێتە هۆکاری ڕزگار بوونیان.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ مامۆستای زانکۆکانی University of California ئەمریکا و Bocconi University ئیتاڵیا بخوێنەوە:

کوردپرێس: لە وتارێکدا لە ژێر ناوی «ئایا ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە؟» باستان لە مەترسییەکانی سەر مانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە؛ ئایا بەڕاستی بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری سووریا کەوتۆتە ژێر هەڕەشەوە؟

دکتۆر جوزێپە ئاکۆنشا: بەڵێ وایە. بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پاش ئۆپەراسیۆنەکانی "چڵە زەیتوون" لە ساڵی 2018 و "کانی ئاشتی" لە ساڵی 2019 لەلایەن سوپای تورکیاوە کەوتە مەترسیەوە. واتا پاش بڕیارەکەی ئەمریکا –کە هەڵبەت پاشان گۆڕدرا- بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا و هەروەها هەوڵی حکوومەتی بەشار ئەسەد بە پشتیوانیی ڕووسیا بۆ کونترۆڵ کردنەوەی خاکی سووریا بە تەواوی؛ درێژەی بوونی ڕۆژئاوا کەوتۆتە ژێر مەترسیەوە. بە وتەیێکی تر ئەم بابەتە بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی عێراق و مافی کوردی تورکیاش خەریکی ڕوودانە.

کوردپرێس: چ کەسێک مومکینە یارمەتی کوردانی سووریا بدات: ئەمریکا یا ڕووسیا. یان ئەوەی کە باشتر وایە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا ڕێککەون؟

دکتۆر جوزێپە ئاکۆنشا: کوردی سووریا دەزانن پشتگیرییەکانی ئەمریکا تەنها تاکتیکیە. بەهەمان شێوە کوردەکان بەو ئاستەی کە لە دەستواردانی تورکیا لە ناوچەکەیان تووڕەن، نەفرەت لە دەست وەردانی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیش دەکەن. بەم حاڵەشەوە کوردەکان ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشقیان پێ باشە تاکوو داگیر کردنی ناوچەکانیان لەلایەن تورکیاوە وەکوو ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا.

کوردپرێس: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت نەوتی سووریای لەدەستە و بەو نەوتەیش پشتگیری لە کوردانی سووریا دەکات. ئایا نەوت دەتوانێت کوردانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بپارێزێت؟

دکتۆر جوزێپە ئاکۆنشا: نەخێر، نەوت ناوتوانێت کوردی سووریا ڕزگار بکات. کوردی عێراق بە ڕێژەیێکی زۆر نەوتیان هەیە. بەڵام بەوەیشەوە لە ساڵی 2017 ڕیفراندۆم-یان ئەنجام دا و نەگەیشتنە سەربەخۆیی. ئەوەی کە دەتوانێت پڕۆژەی ڕۆژئاوا دەرباز بکات جێبەجێ کردنی ئایدیاکەیە لەلایەن گەنجان و ژنانی ئەو ناوچەوە. ئەم بابەتەش سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و پێوەندیی بە ئاشتی خوازی و یەکسان خوازیی جیهانییەوە دەکات.

کوردپرێس: کوردانی سووریا، تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئاو وەکوو کارتی گوشار دژی ئەوان بەکار دەهێنێت. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی-ش لەمبارەوە یارمەتیی کوردیان نەداوە، لە لایێکی دیکەوە یاخیبوونی زیندانیانی داعش بەرۆکی کوردانی سووریای گرتووە. بۆچی پشتگیرییان لێناکرێت؟ کێشەکە لە کوێیە؟

دکتۆر جوزێپە ئاکۆنشا: ڕووخاندنی شاری دێرینە و مێژوویی حەسەنکیف لە ناوچەی کوردنشینی تورکیا نموونەیێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەم بابەتە کە بەرپرسانی تورکیا هیچ گرنگایەتیێک بە میراتی فەرەهەنگی و مێژووی کورد نادەن و بەنداوی ئیلیسۆ بۆ ئاسیمیلە کردنی کوردەکان لە کۆمەڵگای تورکیا بەکار دەگیردرێت. لەلایێکی ترەوە دۆخی کوردی تورکیا لەو کاتەوە کۆرۆنا سەریهەڵداوە خراپتر بووە و ئەم بابەتە بووەتە بیانوویێک بۆ سەرکوتی توندتری زیندانیانی سیاسی و ئەشکەنجەدانی کەسانێک وەکوو مستەفا کوجاک و ڕێگری کرددن لە کەرەنتینە کردنی زیندانییەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168329

Your Comment

You are replying to: .
captcha