کوردپرێس:
كیفاح مەحموود، ڕاوێژكاری ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، “سیماكانی ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد دەركەوتوون، ئەوەش دوای سەركەوتنی پارتی و یەكێتی لە هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی هاوپەیمانی نێوانیان”، سەردانی وەفدە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی-شی بۆ بەغدا، بە نۆبەرەی ئەو هاوپەیمانییە وەسف كرد.
كیفاح مەحموود وتی، “پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات هاوپەیمانییێک پێك بهێنێت، كە هەموو هێزە سیاسییەكان لەخۆبگرێت، تا تیمێكی كوردستانیی بەهێز و یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دروست ببێت”، جەختیشی لەسەر پێویستیی هاتنەناوەوەی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستان كرد بۆ نێو هاوپەیمانییە كوردییەكە.
بە وتەی ڕاوێژكارەكەی بارزانی، “داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان ستراتیژییە و خۆی لە شەراكەتی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە، نەك جوانكاری، هاوسەنگیی تەواوەتی نەك ڕواڵەتی لە هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە وڵاتەوە هەیە”، بە گرنگیشی زانی لەماوەیێكی دیاریكراودا كار بۆ جبێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بكرێت، وێڕای داڕشتنی یاسای نەوت و غاز، كە دەبێتە مایەی دابینكردنی مافی هەرێم و هەموو پارێزگاكان لە سامانەكانی وڵاتدا.
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە 16ی تەمموزی 2018، پێكهێنانی لیژنەیێكیان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیێكی نیشتمانی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، ڕاگەیاند.
لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە، حكوومەتی ئێستای عێراق بۆتە حكوومەتی كاربەڕێكەر و پەرلەمانیش خۆی هەڵوەشاندەوە، لە ئێستاشدا چاوەڕوان دەكرێت براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری ڕابردوو پەسەند بكرێن و پەرلەمانی نوێ یەكەم دانیشتنی خۆی بۆ دیاریكردنی سەرۆكەكانی پەرلەمان و كۆمار و حكوومەت، دیاریی بكات، بەڵام بەهۆی تانەی لایەنەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان ئەو بابەتە یەكلایی نەبۆتەوە.
Your Comment