لە کەرکووک ژوورێکی ئەمنی بە بەشداریی پێشمەرگە دروست دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گرژی و ئاڵۆزییه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركووك، حیزبه‌ سیاسییه‌كانی شاره‌كه‌ی گەیاندووەتە ئه‌و بڕوایه‌ی ژوورێكی هاوبه‌شی ئه‌منی به ‌به‌شداریی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری شاره‌كه‌ پێك بهێنرێت.

کوردپرێس:

عه‌لی قه‌ڵایی، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگه‌یاند: "داوامان كردووه‌ ژوورێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ شاره‌كه‌ هه‌بێت و دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ده‌ستبگرن، به‌ هه‌موو لایه‌نێكمان راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر نه‌چنه‌ ژێرباری دروستكردنی ئه‌م ژووره‌، ده‌بێت ده‌رهاویشته‌كانی خراپبوونی دۆخه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن".

حیزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كان كه‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوون، ئێستا بۆچوونه‌كانیان گۆڕاوه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ داواكاری خه‌ڵكن و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌رهاویشته‌كانی دۆخی ته‌ناهی شاره‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بێت كه‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كه‌ركووك دراوه‌، ژووره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌یێكی عێراقی ده‌بێت و دوو بۆ سێ لیوا پێشمه‌رگه‌ له‌ بازگه‌ و سه‌نگه‌ره‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ ئه‌ركدا ده‌بن و نوێنه‌ری هه‌موو هێزه‌كانی دیكه‌ش ده‌بنه‌ ئه‌ندام له‌و ژووره‌ هاوبه‌شه‌.

حاتم تائی، سه‌رۆكی پارتی حه‌قی نیشتمانی ده‌ڵێت: "عه‌ره‌ب و توركمان هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ خه‌ڵك داوای ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌ نایەت به‌رپرسیارێتیی ئه‌منی له‌ ئه‌ستۆ بگرن، ئه‌و كاره‌ له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ فیدڕاڵییەکانه‌ و ئه‌وانیش به‌رپرسی یه‌كه‌م و كۆتایی ئه‌و بابه‌ته‌ن".

بیرۆكه‌ی پێكهێنانی ژوورێكی هاوبه‌شی ئه‌منی له‌ پێشمه‌رگه‌، سوپا، پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی، گه‌یشتووەتە‌ ده‌ستی حیزبه‌ توركمانییه‌كانیش، ئه‌وان له‌ سێ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی داوایان كردووه‌ به‌غدا بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و ژووره‌ هاوبه‌شه‌ بدات نه‌ك داواكاری حیزبه‌كانی كه‌ركووك بێت.

News Code 16766

Your Comment

You are replying to: .
captcha