چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی ڕاده‌گه‌یێنن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- خۆپیشانده‌ران جگه‌ له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی دابین کردنی خزمه‌تگوزاری، ھاوکات داوای پێکھێنانی حکوومه‌تێکی ڕزگاریی نیشتمانی ده‌که‌ن و چاودێرانیش ده‌ڵێن حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی چاره‌ نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ خۆپیشاندانی ڕۆژی 20ی ته‌مووز له‌ شاره‌کانی به‌غدا و به‌سڕه‌ و زیقار و دیوانیه‌ و نه‌جه‌ف دوو خۆپیشانده‌ر کوژران و ده‌یان خۆپیشانده‌ری دیکه‌ش بریندار بوون و چاودێرانیش پێیان وایه‌ پێکھێنانی حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی فریای کێشه‌کانی عێراق ناکه‌وێت و ده‌ردی هاووڵاتییانی عێراقی تیمار ناکات.

دکتۆر نه‌وزاد محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت: "ڕاسته‌ داواکاریی خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌رز بوووه‌ته‌وه‌ بۆ دروست کردنی حکوومه‌تێکی ڕزگاریی نیشتمانی و کۆتایی ھێنان به‌ حکوومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌تایبه‌تی ئێستا که‌ ته‌مه‌نی خولی په‌رله‌مانی عێراق کۆتایی ھاتوووه‌ خۆپیشانده‌ران داوای په‌رله‌مان و حکوومه‌تی دیکه‌ ده‌که‌ن له‌ ڕێگه‌ی ھه‌ڵبژاردنێکی دیکه‌وه‌."

نه‌سره‌ت سۆفی سه‌رۆکی په‌یمانگای کوردستان بۆ پرسه‌ سیاسییه‌کانیش به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێم وایه‌ داواکردنی حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی ئه‌جێندای سیاسی له‌پشته‌، چوونکه‌ پێشتر ھه‌ندێ لایه‌ن له‌ ھه‌رێمی کوردستانیش ئه‌و داواکارییه‌یان ھه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی دابێت ئه‌نجامی کۆتایی ئاشکرا ده‌کرێت، گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی پێک دێت و ده‌ست به‌ ئاماده‌کاری بۆ پێکھێنانی حکوومه‌تێکی نوێ ده‌کرێت له‌ عێراق، له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم خۆپیشاندانه‌کانی عێراق خۆڕسک بن چوونکه‌ له‌ سه‌ره‌تای ھه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی عێراق سه‌ره‌تا داوای خزمه‌تگوزاری ده‌که‌ن و دواتر داواکاریی سیاسییان ھه‌یه و من پێشبینی ده‌که‌م خۆپێشاندانه‌کان داده‌مرکێنه‌وه‌ و ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی پێک بێت."

کێشه‌کانی عێراق گه‌وره‌ن و ده‌ستی سیاسییان له‌ پشته‌

سوننه‌کان به‌ھۆی په‌راوێزخستنیان پێشتر ھه‌ر که‌ باسی خۆپیشاندان ده‌کرا ئه‌وان له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی شاره‌کانی عێراق بوون به‌ڵام ئه‌م جاره‌ ھێشتا پریشکی خۆپیشاندانه‌کانی باشوور به‌ ته‌واوه‌تی نه‌گه‌یشتوووه‌ته‌ ناوچه‌ سوننه ‌مه‌زھه‌به‌کان و زیاتر عه‌ره‌بی شیعه‌ و شاره‌ شیعه‌نشینه‌کانن خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

دکتۆر نه‌وزاد ڕه‌سووڵ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 ڕۆژه‌ خۆپێشاندان به‌رده‌وامه‌، ھه‌ندێ ھێزی نه‌یار و وڵاتی ئیقلیمی ده‌ستیان خستوووه‌ته‌ نێو خۆپێشاندانه‌کانی عێراق چوونکه‌ دروست بوونی حکوومه‌تێکی ھه‌میشه‌ییی کارا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ھه‌ندێ لایه‌ن و وڵاتی ناوچه‌که‌دا نییه‌ به‌ڵام پێم وایه‌ حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی چاره‌ نییه‌ بۆ کێشه‌کانی عێراق و ته‌نیا چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان په‌له‌ بکه‌ن له‌ پێکھێنانی حکوومه‌تێکی نیشتمانی به‌ به‌شداریی ھه‌موو پێکھاته‌کانی عێراق و ھاوسه‌نگی له‌ نێوان کورد و سوننه‌ و شیعه‌دا بپارێزێت."

نه‌سره‌ت سۆفی ڕوونی کرده‌وه‌: "ھێزی گه‌وره‌ له‌ پشته‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌کانی عێراقه‌، تا حکوومه‌تێک دروست بکرێت له‌ عێراق له‌ ژێر ھه‌یمه‌نه‌ی ئه‌واندا بێت، پێشبینی ده‌که‌م ڕه‌وشه‌که‌ ھێشتا ئاڵۆزیی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ و سه‌ره‌تای لێکھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق بێت، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، حکوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی نه‌ک ھه‌ر دروست نابێت، ئه‌گه‌ر دروستیش بێت چاره‌ی ئه‌و کێشانه‌ی ئێستای عێراق ناکات."

دکتۆر نه‌وزاد ڕه‌سووڵ له‌باره‌ی ھه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوخۆ و ئه‌نجامدانی کووده‌تا گوتی: "پێشتر پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌کرا شه‌ڕێکی ناوخۆ یان کووده‌تایێک له‌ عێراق به‌رپا بکرێت به‌ڵام کاتی ئه‌و بیر و بۆچوونه‌ توخانه‌ به‌سه‌ر چوون و پێم وایه‌ ناگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه و‌ ئه‌مه‌ریکاش ڕێگه‌ نادات کێشه‌کانی عێراق بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌، ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی عێراق ھه‌ر پێکنه‌ھات ئه‌وه‌ بژارده‌ی کۆتایی دابه‌ش بوونی عێراقه‌ بۆ سه‌ر سێ ناوچه‌ی کورد و سوننه‌ و شیعه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16751

Your Comment

You are replying to: .
captcha