دوو خۆپیشانده‌ر له‌ نه‌جه‌ف و دیوانیه‌ کوژران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانه‌کانی عێراق له‌ نه‌جه‌ف و دیوانیه‌ و به‌سره‌ ده‌ستی پێکرده‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ دوو خۆپیشانده‌ر له‌ نه‌جه‌ف و دیوانیه‌ کوژران.

کوردپرێس- ئاژانسی ڕۆیته‌رز له‌ زاری پۆلیس و چه‌ند سه‌رچاوه‌یێکی ته‌ندروستی ئه‌وه‌ی بڵاو کرده‌وه‌ خۆپیشانده‌رێک له ‌به‌رده‌م یه‌کێک له‌ باره‌گاکانی ڕێکخراوی به‌در له‌ شاری دیوانیه‌ کوژراوه‌.

ئاژانسی ڕۆیته‌رز زیاتر ده‌ڵێت: خۆپیشانده‌ران چوونه‌ته‌ به‌رده‌م باره‌گایێکی ڕێکخراوی به‌در که‌ هادی عامری سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و پاسه‌وانه‌کانیش له‌ کاتی هه‌وڵی بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران ته‌قه‌یان کردوووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ که‌سێک کوژراوه‌ و دوانی‌تر بریندار بوون.

هه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ڕۆژی هه‌ینی له‌ شاری نه‌جه‌فدا له‌ کاتی هه‌وڵی بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران گه‌نجێکی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵان به‌هۆی کاریگه‌ربوونی به‌ گازی فرمێسک‌ڕێژ گیانی له‌ده‌ستدا.

به‌پێی ئاماری فه‌رمیی حکوومه‌تیش، له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ڕۆژی هه‌ینیدا جگه‌ له‌ کوژرانی دوو خۆپیشانده‌ر له‌ دیوانیه‌ و نه‌جه‌ف، ٤٥ که‌سی‌تر بریندار بوون.

ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 20ی ته‌مووز هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌ زه‌بری هێز بڵاوه‌یان به‌ خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر کرد له‌ به‌غدای پایته‌خت و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یێکی زۆر له‌ خۆپیشانده‌ران به‌هۆی به‌رکه‌وتنی گازی فرمێسک‌ڕێژه‌وه‌ بریندار بوون.

هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، پێشتر ١٢ خۆپیشانده‌ر کوژرابوون و نزیکه‌ی ٢٠٠ که‌سی‌تر بریندار بوون و زیاتر له‌ ٥٠٠ خۆپیشانده‌ریش ده‌ستگیر کراون.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16704

Your Comment

You are replying to: .
captcha