به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شه‌وی چوارشه‌ممه 18ی ته‌مووز فوئاد مه‌عسوم له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق و شانده هاوبه‌شه‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی له به‌غدا کۆ بوووه‌ته‌وه و له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ڕێکاره‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌وه کراوه.
دوابه‌دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ش نووسینگه‌ى سه‌رۆک کۆمار له به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه له کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوڕا بوون له‌سه‌ر قبووڵکردنى ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن له دواى ئه‌وه‌ى دادگای فیدراڵی واژۆی له‌سه‌ر کرد.
به ئامانجی گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق پاشنیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه 18ی ته‌مووز شاندێکی هاوبه‌شی پارتی و یه‌کێتی به سه‌رۆکایه‌تیی هه‌ریه‌که له فازڵ میرانی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی و مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی گه‌یشته به‌غدا.
ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو هه‌ر دوو مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی له ھه‌ولێر له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانیان و چۆنییه‌تیی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ عێراق کۆبوونه‌وه.
دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ش سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره وته‌بێژى یه‌کێتى له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ پارتی لیژنه‌یێکیان پێکهێناوه بۆ داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ڕێگای دانووستانه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تى نوێ.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد ئه‌و بابه‌تانه‌ى که له داهاتوودا له پڕۆژه‌که‌دا ده‌بێت بابه‌تی پێشمه‌رگه و پێگه‌که‌ى ده‌بێت له سیسته‌می به‌رگریی عێراقدا و هه‌روه‌ها بابه‌تى ناوچه جێناکۆکه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و کێشه‌ى نه‌وت و غاز و سه‌رجه‌م کێشه‌کانى‌تر و چۆنییه‌تیی چاره‌سه‌رکردنیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان.
وته‌بێژى یه‌کێتى ڕاشیگه‌یاند: ئێمه پێمان خۆشه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی هه‌رێم به‌شدار بن له‌و پڕۆژه‌یه‌ی که یه‌کێتى و پارتی دایده‌ڕێژنه‌وه بۆ دانووستانه‌کانی هه‌رێم و به‌غدا.
سه‌رچاوه: ئێن ئاڕتی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment