کوردپرێس:
لیوا ڕوكن مەعن سەعدی، فەرماندەی پلانی سەپاندنی یاسا لە پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “هێزەكانی دەزگای بنبڕكردنی تیرۆر و هەموو دەزگا ئەمنییەكانی تر لە پێگەكانی خۆیاندان و بەشێوەیێكی ئاسایی كاریی خۆیان دەكەن، هیچ هێزێكی سەربازیش لە كەركووک بەرەو هیچ شارێكی تری عیراق، پاشەكشەی پێنەكراوە”.
بە وتەی ئەو فەرماندە سەربازییەكەی عیراق،”هێزەكانی بنبڕكردنی تیرۆر و دەزگا ئەمنییەكانی تر، لە چوارچێوەی ناوچەی چالاكی و بەرپرسیارێتی خۆیان و بە هەماهەنگییێكی تەواو لەگەڵ یەكتر كارەكانیان ڕادەپەڕێنن، ڕەوشی ئەمنییش لە كەركووک جێگیرە و هەموو هێزەكان كار بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و پارێزگاكە دەكەن”.
پێشتر هەندێک لە میدیا عیراقییەكان، باسیان لەوە كردبوو كە هێزە سەربازییەكان لە پارێزگای كەركووک پاشەكشەیان پێكراوە، ئەوەش لەپێناو بڵاوەپێكردنیان لە پارێزگاكانی باشوور، كە لەئێستادا خۆپیشاندانی ناڕەزایی فراوان بەخۆوە دەبینن.
Your Comment