بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پشتگیریی خۆپیشاندانه‌کانی عێراق دەکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاگه‌یێندراوێک ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی عێراق بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌کان و بێکاری و هه‌ژاری هۆکاری خۆپیشاندانه‌کانی عێراقن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاگه‌یێندراوێکی ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق بڵاو کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: "خه‌ڵکی عێراق له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوور له‌ به‌غداد و نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا و به‌سره‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و داوای مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن."

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ "ئێمه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک چۆن به‌رده‌وام له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکدا بووین پشتگیریی ته‌واوی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتییانه‌ی هاووڵاتییان ده‌که‌ین و داواکارین حکوومه‌ت به ‌زووترین کات به‌ده‌نگ داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بچێت و کار بۆ دابین کردنیان بکات و گه‌نده‌ڵکاران و به‌رپرسه‌ که‌مته‌رخه‌مه‌کان به‌سزا بگه‌یه‌نێت."

ده‌قی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌...

ڕاگه‌یاندراوێک له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق

‎سه‌ره‌ڕای هه‌موو قه‌یرانه‌ سیاسی و ئه‌منی و یاسایییه‌کان ئه‌مڕۆ گه‌لانی عێراق به ‌ده‌ست نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن هه‌ر له‌ نه‌بوونی ئاو و کاره‌با و خراپی دۆخی ته‌ندروستی تا ده‌گاته‌ هه‌ژاری و بێکاری و داڕمانی ژێرخانی ئابووری، ئه‌مه‌ش له‌لایێک ده‌رئه‌نجامی ته‌شه‌نه‌ کردنی گه‌نده‌ڵییه‌ له‌ کۆی جومگه‌کانی حکومڕانیدا، له‌ لایێکی‌تره‌وه‌ نه‌بوونی ئیراده ‌و خه‌مێکی نیشتیمانییه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنیان که‌ ته‌نها هاووڵاتییان باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن. ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی عێراق له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوور له‌ به‌غداد و نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا و به‌سره‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و داوای مافه ‌سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن.

‎ئێمه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک چۆن به‌رده‌وام له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکدا بووین، پشتگیریی ته‌واوی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتییانه‌ی هاووڵاتییان ده‌که‌ین و داواکارین حکوومه‌ت به‌ زووترین کات به‌ده‌نگ داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بچێت و کار بۆ دابین کردنیان بکات و گه‌نده‌ڵکاران و به‌رپرسه‌ که‌مته‌رخه‌مه‌کان به‌سزا بگه‌یه‌نێت.

له‌ هه‌مان کاتدا به ‌توندی ئیدانه‌ی هه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتێکی ناشارستانی ده‌که‌ین که‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و موڵکی ده‌وڵه‌ت بگه‌ێنێ، شکاندن و تاڵان کردن و سووتاندنی موڵکی گشتی و موڵکی تایبه‌تی هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، جگه‌ له‌وه‌ی که‌لتوورێکی ناشرینه‌، ئه‌ویش شێوازێکی‌تری گه‌نده‌ڵییه‌.

‎هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوا ده‌کات هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و حکوومه‌تی عێراق پابه‌ند بن به‌ بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دادگای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ بژاردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌نگه‌کان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ساخته‌کارییه‌کان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکان، له‌پێناو ڕێزگرتن له‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆ بۆ ده‌ستوور و یاسا کارپێکراوه‌کان، پێمان وایه‌ جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌و بڕیارانه‌ كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات و قه‌یرانه‌كانیش قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16530

Your Comment

You are replying to: .
captcha