پاش شارەکانی باشووری عێراق، شەقامی بەغداش جووڵا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان دژی کەمیی خزمەتگوزاری لە چەند شارێکی عێراق دەستی پێکردووە و شەوی ڕابردوو بە مەبەستی پاڵپشتیی شارەکانی باشووری عێراق خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەختیش دەستی پێکرد.

کوردپرێس:

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی درەنگانی ئەمشەو ژمارەیێکی زۆر لە دانیشتووانی بەغدا گردبوونەوەیێکی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە و لە سەرجەم ناوچەکانی ئەو شارەوە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر بەڕێ کەوتوون.

هەواڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا خۆپیشاندانەکە لە ناوچەی شوعلە دەستی پێکردووە و دواتر خۆپیشاندەران بەرەوە گۆڕەپانی تەحریر ڕۆیشتوون.

میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاند بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکە و هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو، هێزێکی ئەمنیی زۆر لەناو شاری بەغدا بڵاوەی پێکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی هەینی هاووڵاتییانی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و نەبوونی هەلی کار لە پارێزگاکە ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرپەرچدرانەوە و هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دراوە کە لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگاکە کۆ بووبوونەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، جگە لە کوژرانی دوو هاووڵاتی ٢٨ کەسی دیکەش بریندار بوون، ٢٢یان لە هێزە ئەمنییەکانن.

News Code 16495

Your Comment

You are replying to: .
captcha