ئەمریکا و ڕووسیا بە چۆڵکردنی پشتی کورد وەڵامی هاوکاریەکانیان دایەوە

بەشی جیهان- نیکۆلاس پانایوتیدس دەڵێت کوردەکان هەم لە عێراق و هەم لە سووریا هاوکاریی ئەمریکایان کرد بۆ شەڕی داعش بەڵام ئەمریکا وەڵامیانی نەدایەوە. ڕووسیاش هەمان ڕێوشوێنی بۆ کوردەکانی سووریا گرتەبەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرسی پێوەندیی زلهێزەکان لەگەڵ کورد لەو پرسە گرینگانەیە کە بەتایبەت پاش هاوپەیمانێتیی کوردەکانی عێراق و سووریا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا کەوتە بەرچاو. بەڵام ئەو کاتەی کە کوردەکان لە کاتی تەنگانەدا چاوەڕێی وەڵامدانەوەی هاوکارییەکانیان بوون کاردانەوەی خراپیان لە ئەمریکا و ڕووسیا بینی؛ کاردانەوەی ئەمریکا لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک و هەروەها هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین سەرەڕای بوونی ڕووسیا لەو ناوچەیە لە نموونەکانی خەیانەتی زلهێزەکان بە کوردەکانە.

دوکتور نیکۆلاس پانایوتیدس سەرۆکی ئەنستیتۆی چاودێریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیمانە لەگەڵ کوردپرێسدا ئاکاری ئەو دوو زلهێزە لە وەڵامی هاوکاریی کوردەکانی عێراق و سووریا وەکوو یەک دەبینێت.

ناوبراو بە کوردپرێسی وت: ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیا کوردەکانیان لە عێراق و سووریا وەکوو هاوپەیمانێکی باش بۆ شەڕی داعش بینی.

نیکۆلاس پانایوتیدس زیادی کرد: بەڵام گۆڕانکاریمان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەم دواییەدا و ئاوڕنەدانەوە لە کورد بۆ قەرەبوو کردنی بەشێک لە هاوکارییەکانیان لەشەڕی داعش بەچاوی خۆمان بینی. کاردانەوەی ئەمریکا بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین تەنها قسەی پووچ بوو.

سەرۆکی ئەنستیتۆی چاودێریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها لەبارەی هەڵویستی ڕووسیا هەمبەر هاوکاریی کوردەکان بە کوردپرێس وتی: ئەگەر چاو لە کاردانەوەی ڕووسیا بکەین دەبینین ئەو وڵاتە مۆڵەتی بە تورکیا دا عەفرین داگیر بکات. فڕۆکەکانی تورکیا پاش ڕەزامەندیی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر ئاسمانی عەفرین. لە کاتێکدا کە کوردەکانی سووریا لە شەڕی دژە داعشدا هاوکار و هاوپەیمانی ڕووسیا بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 16489

Your Comment

You are replying to: .
captcha