قه‌باره‌ی بازرگانیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران 8 ملیار و له‌گه‌ڵ تورکیاش 12 ملیار دۆلاره‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران 8 ملیار و له‌گه‌ڵ تورکیاش ١٢ ملیار دۆلار ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌وزاد ئه‌دھه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی له ‌وه‌زاره‌تی بازرگانی ‌و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ره‌وشی بازرگانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: باشتر بوووه‌ و به‌ره‌و گه‌شه‌كردن ده‌چێت به ‌شێوه‌یێک "ڕه‌وشی بازرگانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی پار واتا ٢٠١٧ باشتره‌ و ھه‌رێمی كوردستان وه‌كوو سه‌نته‌رێكی بازرگانییه‌ بۆ گشت عێراق".

نه‌وزاد ئه‌دھه‌م ده‌شڵێت: "به ‌نموونه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ھاورده‌كردنی ئۆتۆمبیل بكه‌ین و به‌راوردێک له‌ نێوان ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بكه‌ین ده‌بینین كه‌ به ‌ڕێژه‌ی سه‌د له‌سه‌د ڕێژه‌كه‌ زیادی كردوووه‌ و له ‌ڕاستییدا ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ ھه‌مووی له‌ ھه‌رێمی كوردستان نامێنێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و له‌وێ بازاڕه‌كه‌ زیاتر و باشتره‌".

ناوبراو وتیشی: "ھه‌رێمی كوردستان دۆخێكی ئابووری و داراییی سه‌ختی ھه‌یه به‌ڵام باری ئابووری خه‌ڵكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو واته‌ له‌ ٢٠١٤ تا ئه‌مساڵ باشتره‌ له‌ دۆخی داراییی خه‌ڵک له‌ ھه‌رێمی كوردستان چوونكه‌ حكوومه‌تی عێراق پشكی ھه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ی رێكوپێک نانێرێت بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ به‌ ھه‌زاران پڕۆژه‌ ھه‌یه‌ و راوه‌ستاون".

نه‌وزاد ئه‌دھه‌م له‌سه‌ر‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و توركیا و ئێران ده‌شڵێت: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان ھه‌رێمی كوردستان و توركیا گه‌شه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ئه‌مساڵدا ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بگاته‌ نزیک به‌ ١٢ ملیار دۆلار و ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ش ته‌نھا بۆ ھه‌رێمی كوردستان نییه‌ به‌ڵكوو ڕێژه‌ی ٧٥ له‌سه‌دی ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ توركیاوه‌ دێنه‌ نێو ھه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌ڕوات و ته‌نھا ڕێژه‌ی ٢٥ له‌سه‌دی ئه‌و كاڵایانه‌ له‌ سنووری ئیبراھیم خه‌لیله‌وه‌ بۆ ھه‌رێمی كوردستان و دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ھه‌رێمی كوردستانیش ھه‌مان ڕێژه‌یه‌".

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16408

Your Comment

You are replying to: .
captcha