کوردپرێس:
سەرەڕای ئەوەی عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی رایگەیاندووە، وتووێژەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەرێی بۆڕی هەرێمی کوردستان – جەیهان، بەرپرسێکی باڵا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرنجڕاکێشە لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق دەبیستین لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستاندن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک، بەڵام ئەوان ئاگاداری هیچ دانوستاندنێک نین.
ئەو بەرپرسە باڵایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار دەستپێشخەری کردووە و پێسنیازی کردووە بە حکوومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق هیچ وەڵامێکی نەبووە. لەبەر ئەوەش نازانن ئەو لایەن و کەسانە کێن کە وەزیری نەوتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ دەکات.
رۆژی یەکشەممە 1-7-2018، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندبوو، بڕیار لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک پەیوەستە بە ئەنجامی دانوستاندنەکان.
لعێبی هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک رۆژانە 220 هەزار بەرمیلە و هەمووی دەدرێتە پاڵاوگەکان.
لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتوبەری کەرکووک، حکوومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی لەرێگەی بۆڕی کوردستان-جەیهان راگرت.
Your Comment