به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی له دوایین لێدوانی‌دا به ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند: "بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌مارۆخستنه سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی له‌لایه‌ن توركیاوه چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ كونسووڵی توركیا كۆ بوومه‌ته‌وه به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ده‌زانرێت كونسووڵی توركیا نوێنه‌ری ئه‌و وڵاته‌یه له ناوچه‌كه و بارودۆخی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌گوازێته‌وه بۆ حكوومه‌تی توركیا و هه‌ندێک ڕاپۆرتی نادروست له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه هه‌یه ئه‌ویش ده‌یگوازێته‌وه بۆ حكوومه‌تی توركیا".
تاهیر عه‌بدوڵڵا ڕاشیگه‌یاند: "من چه‌ندین جار باسم كردوووه كه هاووڵاتییانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره پێویستیان به خزمه‌تگوزاری هه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌ر گرووپێكی سیاسی له‌م ناوچه‌یه هه‌بێت حكوومه‌تی توركیا ناتوانێت به گه‌مارۆخستنه سه‌ر هاووڵاتییانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات و چه‌ندین هاووڵاتی و كۆمپانیای توركیا هه‌ن له‌م ده‌ڤه‌ره كار ده‌كه‌ن و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی كاری له‌وانیش كردوووه به‌ڵام به‌داخه‌وه كونسووڵی توركیا ته‌نیا گه‌یه‌نه‌ری ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یه و بڕیاره‌كه‌ش له حكوومه‌تی توركیاوه ده‌رده‌چێت."
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی له‌باره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌وه ڕوونكردنه‌وه‌ی دا و وتیشی: "حكوومه‌تی توركیا له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست ئه‌و بابه‌تانه وه‌رده‌گرێت و كاردانه‌وه‌ی هه‌یه له سووریا و ناوچه‌كه هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێک لایه‌ن هه‌یه له‌م ده‌ڤه‌ره ڕه‌نگه هه‌ندێک ڕاپۆرت له‌سه‌ر هه‌ندێک گرووپی سیاسی بڵاو بكاته‌وه كه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه و ئێمه به گشتی ئه‌وه نابینین گرووپێک هه‌بێت زیانی هه‌بێت بۆ توركیا و كار بكاته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌و لایه‌ن و گرووپانه‌ی له‌م ده‌ڤه‌ره هه‌ن ئه‌وانه‌ن كه له كوردستانی سووریا و توركیا و ئێران هه‌ن به‌ڵام من له‌وه تێناگه‌م دانانی گه‌مارۆ له‌لایه‌ن توركیاوه له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی چ مانایێكی هه‌یه؟ له كاتێكدا فڕۆكه‌خانه ده‌زگایێكی سیاسی نییه به‌ڵكوو خزمه‌تگوزارییه بۆ هه‌موو هاووڵاتییان."
تاهیر عه‌بدوڵڵا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه له‌م ده‌ڤه‌ره هاووڵاتییان و حكوومه‌تی خۆجێی و هه‌موو لایێک كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ به تایبه‌ت توركیا بپارێزن."
تاهیر عه‌بدوڵڵا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که كێن ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی به وته‌ی خۆت ڕاپۆرتی نادروست له‌سه‌ر سلێمانی ده‌ده‌نه توركیا گوتیشی: "من له سیاسه‌تدا كار ناكه‌م و پۆسته‌كه‌ی من دووره له سیاسه‌ت و پۆستێكی خزمه‌تگوزارییه بۆ هه‌مووان بێ جیاوازی به‌ڵام من وای بۆ ده‌چم ڕاپۆرتی نادروست و نابه‌جێ بدرێت به كونسووڵخانه‌ی توركیا له كاتێكدا وه‌ک وتم من له سیاسه‌تدا كار ناكه‌م به‌ڵام وای نابینم هیچ شتێک له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بێت زیانی بۆ توركیا هه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه بگه‌یه‌نێته حكوومه‌تی توركیا باوه‌ڕم نییه حكوومه‌تی توركیا له‌سه‌ر هه‌ندێک شتی ئاسایی ئه‌مه بكات له كاتێكدا ئه‌م ناوچه‌یه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیا گرنگه."
پێشتر له دوای بڕیاری حكوومه‌تی عێراقی بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ڕووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه شارستانییه‌كان له مانگی 3ی ئه‌مساڵدا بیناڵی یێڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانی توركیا له به‌رده‌م ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند: "له دوای ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان وڵاته‌كه‌ی بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به ڕووی فڕۆكه‌كانی هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی داوه به‌ڵام له‌مڕۆوه ئه‌و گه‌شتانه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كاته‌وه."
یێڵدرم ڕاشیگه‌یاند: "بڕیاری كردنه‌وه‌ی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به ته‌نیا بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره و سلێمانی ناگرێته‌وه."
هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكی دیكه به‌رپرسانی حكوومه‌تی توركیا باسیان له‌وه كردوووه چه‌ند گرووپێک له ناو سلێمانیدا هه‌ن هاوكاریی چه‌كداره كورده سهرههڵدراوهكانی دژ به حكوومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن.
له دوای ڕیفراندۆمی (٢٥)ی ئه‌یلوولی ساڵی ڕابردوو له هه‌رێمی كوردستان حكوومه‌تی عێراقی بڕیاری داخستنی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانی به ڕووی گه‌شته شارستانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دا به‌ڵام له دوای نزیكه‌ی شه‌ش مانگ له مانگی (٣)ی ئه‌مساڵ، به بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ڕووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه شارستانییه‌كان هه‌ڵگیرا.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment