هیچ کۆبوونه‌وه‌یێکی فه‌رمی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ئه‌نجام نه‌دراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر له‌شكرکێشییه‌كه‌ی سوپای توركیا و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ئه‌مینداری گشتیی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌ڵێت: هیچ كۆبونه‌وه‌یێكی فه‌رمی بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نه‌كراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی 30ی 6ی 2018 فه‌ریق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له ‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: ته‌نها له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌كرێت ئه‌گه‌رنا هیچ ڕێککه‌وتنێک له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌ و ئێمه‌ش ئاماده‌ین هێزه‌كانمان بنێرینه‌وه‌ بۆ دروست كردنی هێز و بازگه ‌و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به‌ڵام تا ئێستاش هیچ کۆبوونه‌وه‌یێکی فه‌رمی نه‌كراوه‌ تا به‌غدا مه‌رجی هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "ڕه‌وشی ئه‌منیی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له ‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ جێگیر نییه ‌و جموجۆڵی داعش و كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان و په‌لاماردانی گونده‌كان زۆر بوووه‌، ئێمه‌ش هه‌ر له ‌دوای ڕزگاركردنی حه‌ویجه‌ كه‌ وترا داعش كۆتایی هاتوووه‌، به‌پێی زانیاریه‌ هه‌واڵگرییه‌كان پێمانوابوووه‌ داعش له‌ شاره‌كاندا به‌ گه‌وره‌یی نه‌ماوه‌ به‌ڵام خۆی ڕێكده‌خاته‌وه‌ و به ‌شێوه‌ی گرووپ له‌ دیاله‌، که‌رکووک، خورماتوو، مه‌خموور و ناوچه‌كانی‌تر سه‌رقاڵی كاری تیرۆرستییه‌ و پێویست ده‌كات ئێمه‌ جارێكی‌تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ میكانیزمی كۆنی پێش ساڵی 2014 بۆ هه‌ماهه‌نگیی سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک و ناوچه‌كان بپارێزن."

جه‌بار یاوه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێم و به‌رگرتن له‌ له‌شكركێشی توركیا ڕه‌تی كرده‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له ‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان هه‌بێت و وتی: "هێزی پێشمه‌رگه‌ له ‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان بوونی نییه‌ و ته‌نها پۆلیسی پاسه‌وانی سنووری عیراقی لێیه‌، ئه‌و جموجۆڵه‌شی هه‌یه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌یه‌ و ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقیشه‌ سنوور و ئاسمانی خۆی بپارێزێت كه‌ گوێی خۆیان لێی خه‌واندوووه‌ چوونكه‌ ئه‌و له‌شكركێشییه‌ پێشێل کردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراقه‌."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16118

Your Comment

You are replying to: .
captcha