حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک ده‌رده‌بڕێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تی عێراق ڕه‌زامه‌ندیی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی که‌رکووک ده‌رده‌بڕێت و به‌رپرسێكی یه‌كێتیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ته‌نها به‌هۆی توركمان و عه‌ره‌بی شۆڤێنییه‌وه‌ دواكه‌وتوووه‌ و عه‌بادی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یاسین عیزه‌دین جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "تا ڕاده‌یێک دۆخی ئه‌منیی داقوق ئاسایی بۆته‌وه ‌و حكوومه‌تی عێراقیش ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ فه‌وجێكی سوپا بۆ ئه‌و سنووره‌ ڕه‌وانه‌ بكات هه‌رچه‌ند تا ئێستا هێزه‌كه‌یان نه‌گه‌یشتوووه‌."

ناوبراو وتیشی: "وه‌ک یه‌كێتی ژماره‌یێک ڕێكارمان گرتۆته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی که‌رکووک بپارێزرێت و حه‌یده‌ر عه‌بادیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت و گه‌یشتۆته‌ قه‌ناعه‌ت هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت ئاماده‌یی هه‌بێت و ته‌نها به ‌سوپا ئه‌و ناوچانه‌ ناپارێزرێت."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی زیاتر ده‌ڵێت: به ‌شێوه‌یێكی سه‌ره‌تایی حكوومه‌تی عێراق ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه ‌و هیچ كێشه‌یێكی له‌و ڕووه‌وه‌ نییه‌ و ده‌شڵێت: "هه‌ندێک شۆڤێنی و حزبی عه‌ره‌بی و توركمانی كێشه‌ دروست ده‌كه‌ن و عه‌بادیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواستی له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی هه‌یه‌ بێده‌نگه‌ له‌و ڕووه‌وه‌."

ئه‌وه‌شی‌ ڕوون كرده‌وه‌ "جموجۆڵی داعش هه‌یه به‌ڵام ناتوانێت هێرشی سه‌رتاسه‌ری بكات به‌ڵكوو ته‌نها لێره‌ و له‌وێ په‌لاماری چه‌ته‌یی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له ‌قۆناغی ئێستاشدا هیچ شوێنێكیان نییه‌ له‌ سنووره‌كان."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16093

Your Comment

You are replying to: .
captcha