کوردپرێس:
ماڵپەڕی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نووسیویەتی ئەنجومەنی پیران شەوی ڕابردوو بانگهێشتی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە بەنیازی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی کونگرێسمانەکان سەردانی ئەنجومەنی پیران بکات تەوەرێکی سەرەکیی دانیشتنەکەش پێوەندیی نێوان واشەنتۆن و ئەنقەرە و پرسی کوردی سووریا بوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا بە ئاشکرا ڕایگەیاند ئەمریکا چ پێشتر و چ ئێستاش لە سەر پرسی کوردی سووریا هەندێک کێشەی لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەمریکا پشتگیریی کوردی سووریا دەکات بەڵام تورکیا ئەو هێزانە بە گرووپی تیرۆریستی دەزانێت.
ناوبراو زیادی کرد: ئێستا پێشکەوتنمان بووە لە پێوەندییەکانماندا و پاش سەرکەوتنی دووبارەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەدا ئومێدی ئەوە دەکرێت پێوەندییەکان باشتر بکرێنەوە.
پۆمپیۆ جەختیشی کردەوە بێگومان تورکیا بەشێک دەبت لە چارەسەری قەیرانی سووریا.
ناوبراو دووپاتی کردەوە کە تورکیا ڕازی نییە لە پشتگیری کردنی ئەمریکا لە سوپای دیموکراتیکی سووریا کە سەرکردایەتیی ئەو هێزانە بە کورد دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی هۆی هاوکاری کردنی ئەمریکا و تورکیا لە سووریا یەکلا کردنەوەی پرسی کوردی سووریایە.
پۆمپیۆ لەبارەی کشانەوەی 2200 هێزی ئەمریکی لە سووریا زیادی کرد: ئێمە هەوڵ دەدەین چارەسەری سیاسییانە بۆ قەیرانەکە بدۆزینەوە بەڵام تا ئێستا کارتی بەهێز بۆ چارەکردنی ئەو قەیرالنە دەستەبەر نەبووە.
ناوبراو لەبارەی کشانەوەی هێزەی ئەمریکی لە مەنبەج پاش ڕێککەوتنی ئەم دواییە لەگەڵ تورکیا بۆ کشانەوەی کوردی سووریا لەو شارە ئاشکرای کرد: دیارە هێزی ئەمریکی بەو زووانە لەو ناوچەیە ناکشێنەوە.
Your Comment