په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌: ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په له‌ هه‌ڵبژاردن‌ نزیكه‌ی 600 هه‌زار زیاد ده‌كات

به‌شی تورکیا- په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ جارێكی‌تر كورد له ‌ڕێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ هێزی خۆی له‌ توركیا دووپات كرده‌وه ‌و جگه‌ له ‌تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌ستی ١٠%ی هه‌ڵبژاردن ده‌نگه‌‌كانیشی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو 600 هه‌زار ده‌نگ زیادی کرد و له ‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی داد و گه‌شه چه‌ند كورسییێكی له‌ ده‌ست دا.

کوردپرێس- ڕۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ 59 ملیۆن كه‌س له‌ توركیا بۆ هه‌ڵبژاردنی 600 نوێنه‌ری په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ ڕوویان له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان كرد و له‌و ژماره‌یه‌ش 10 ملیۆن و 130 هه‌زار كه‌س له‌ تورکیا مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، هاوكات سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش وه‌ک كاندیدی هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانه‌وه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی توركیا كاندید كردبوو و پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێنا.

پارتی دیموكراتیکی گه‌لان (هه‌ده‌په)‌ که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیا ٦٠٠ كاندیدی هه‌بوو توانیی 11.64%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و 67 كاندید بگه‌یه‌نێته‌ په‌رله‌مان كه‌ ٨ كورسی له‌ چاو هه‌ڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش 25 كه‌سیان ژنن که‌ ئه‌وه‌ش ڕێژه‌یێكی به‌رچاوه‌ به‌ به‌راورد به‌ لیسته‌كانی‌تر.

به‌رپرسانی هه‌ده‌په‌ هه‌رچه‌نده‌ ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو ١٨٠ كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنن به‌ڵام ئێستا پێشوازی له‌و ئه‌نجامه‌ ده‌كه‌ن و به‌ سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ بۆ خۆیانی ده‌زانن.

عائیشه‌ ئاجار باشاران په‌رله‌مانتاری سه‌ركه‌وتووی هه‌ده‌په‌ بۆ په‌رله‌مانی توركیا به‌ هه‌فته‌نامه‌ی ئاژانسی ڕاگه‌یاندوووه‌: هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌لومه‌رجی باری نائاساییی پڕترسدا به‌ڕێوه‌ چوو، ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی زۆر هه‌وڵیان دا هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێنه‌په‌ڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو ده‌رفه‌ت و پێویستییه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌كار هێنا و ئابڵوقه‌یێكی توندنیان خسته‌ سه‌ر هه‌ده‌په‌ به‌ڵام نه‌یانتوانی.

هه‌ده‌په‌ له‌ پارێزگاكانی ئامه‌د، ئیغدر، ئاگری، وان، جۆله‌مێرگ، باتمان، مێردین، شرناخ، سێرت، موش و دێرسیم له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌ و له‌ پارێزگاكانی قارس، چه‌ولیک، ئورفا و به‌تلیسیش له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌ و له‌ گه‌وره‌شاری ئه‌ستانبۆڵیش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یه‌ک ملیۆن و 200 هه‌زار ده‌نگ توانیویه‌تی ببێته‌ خاوه‌نی 12 كورسیی ئه‌و شاره‌ و بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ پارێزگای هاتای یان ئه‌سكه‌نده‌روونی نزیک عه‌فرین نوێنه‌رێكی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كردوووه‌.

ئاكه‌په‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2015دا بوووه‌ خاوه‌نی 49.50% و 317 كورسیی هه‌بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تاكه‌ حزبی براوه‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌می كردوووه‌ و به‌ به‌ده‌ستهێنانی 42.5% ده‌نگه‌كان بووه‌ته‌ خاوه‌نی 295 كورسی.

عائیشه‌ ئاجار باشاران ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو فشار و به‌ربه‌ستانه‌ نه‌بوونایه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌كه‌په‌ بۆیان داناین ئه‌وا هه‌ده‌په‌ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌گه‌یشته‌ 15% بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ده‌په‌ نییه‌ به‌ڵكوو زۆر له‌وه‌ زیاتره‌.

به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌كه‌په‌ وه‌ک پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌نگه‌كانی له‌ تورکیا كه‌می كردوووه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌ دژی گه‌لی كورد په‌یڕه‌وی كردوووه‌ بۆیه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ر یه‌كێک له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی تورکیا واتا ئامه‌د و وان و ماردین و هه‌روه‌ها شاره‌كانی دیكه‌ش ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی نزیكه‌ی 8% كه‌می كردوووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگی هه‌ده‌په‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیادا له‌ شاره‌ كوردییه‌كان كه‌می كردوووه‌ به‌ڵام له‌ گه‌وره‌ترین شار وه‌ک ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت و ئه‌سته‌نبۆڵ زیادی كردوووه‌ و به‌ گشتی ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌ كۆی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ 549 هه‌زار و 766 ده‌نگی زیادی كردوووه‌.

پارتی دیموکراتیکی گه‌لان ٦٠ كاندیدی له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان له‌ لیسته‌كه‌یدا هه‌بوو كه‌ له‌ ناویاندا به‌ ڕه‌گه‌ز ئه‌ورووپی و ئه‌فریقی تێدایه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا ناوی كاندیده‌ سه‌ركه‌وتوووه‌كان ڕانه‌گه‌یه‌نراون نازانرێت چه‌ند كه‌س له‌و ٦٠ كاندیدانه‌ ده‌رچوون و له ‌ناو كاندیده‌ ده‌رچوووه‌كانی هه‌ده‌په‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ په‌روین بوڵدان له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ و سزایی ته‌مه‌للی له‌ وان وه‌ک هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

میهات سه‌نجار یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاندیده‌ سه‌ركه‌وتوووه‌كانی هه‌ده‌په‌ و ده‌ڵێت: خه‌باتی ئێمه‌ ره‌وایه‌ بۆیه‌ گه‌ل متمانه‌ی پێ داینه‌وه‌ و ئێمه‌ به‌و ده‌نگانه‌ خه‌باتێكی نوێ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه‌ ئاشتی و دیموكراسی به‌رقه‌رار بكات نه‌ک زمانی چه‌ک و خوێن.

میهات سه‌نجاریش به‌ هه‌فته‌نامه‌ی ئاژانسی ڕاگه‌یاندوووه‌: تێبینی و سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ش چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین و هه‌نگاوی یاسایی بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵده‌گرین.

ئه‌و كاندیده‌ سه‌ركه‌وتوووه‌ی هه‌ده‌په‌ بۆ په‌رله‌مانی توركیا باس له‌ داهاتووی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كات و ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو هه‌ده‌په‌ هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خته‌ی نییه‌ به‌ڵكوو به‌ وته‌ی خۆی له‌ ئایینده‌یێكی نزیكدا له‌وباره‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن و سیاسه‌ت و بڕیاری داهاتوویان داده‌ڕێژن كه‌ ئایا به‌شدار بن له‌ حكوومه‌ت یان ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن.

هه‌ده‌په‌ له‌ ساڵی 2015دا ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی 5 ملیۆن و 148 هه‌زار و 85 ده‌نگ بوووه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018دا ده‌نگه‌كان بۆ 5 ملیۆن و 843 هه‌زار و 872 ده‌نگ به‌رز بوووه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستی شاره‌ گه‌وره‌كانی توركیاش ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ زیادی كردوووه‌ بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤دا هه‌ده‌په‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت ٤%ی ده‌نگه‌كانی به‌ ده‌ست هێنا به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگه‌كانی بۆ ٦% به‌رز كردوووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌سته‌نبۆڵیش له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا ١٠%ی به‌ده‌ستهێنابوو و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ١٢%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كاندیدی هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له ‌ناو زینداندا و له‌ ژێر ئه‌و هه‌موو فشاره‌ سیاسی و ده‌روونییه‌دا بوو به‌ڵام به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 كه‌ خۆی كاندید كردبوو ته‌نیا له‌ 1%ی ده‌نگی كه‌می كردوووه‌ به‌ڵام له‌ شاره‌كانی توركیا ده‌نگی زیاتری هێناوه‌.

عه‌لی جه‌نگیز چاودێری سیاسی كورد و مامۆستای زانكۆ له‌ فه‌ڕه‌نسا باس له‌وه‌ ده‌كات جارێكی‌تر كورد متمانه‌ی به‌ هه‌ده‌په‌ دایه‌وه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ڵامێكی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌.

عه‌لی چه‌نگیز به ‌ئاژانسی ڕاگه‌یاندوووه‌: هه‌ده‌په‌ ده‌بێت به‌ وردی سیاسه‌ته‌كانی دابڕیژێت و بزانێت له ‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و قه‌ندیلدا چۆن سیاسه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌بات، یه‌كه‌م كاری هه‌ده‌په‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌رییێكی ئاشتی به ‌ڕووی ئه‌ردۆغاندا بكاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆیێكی نوێوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16046

Your Comment

You are replying to: .
captcha