پارتی به‌ ته‌نیا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكرات ده‌ڵێت: چوارشه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یران دواواده‌ بوو بۆ تۆمار كردنی هاوپه‌یمانێتیی لایه‌نه‌كان له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان و "ئێمه‌یش وه‌كوو پارتی به‌ ته‌نیا و بێ هاوپه‌یمانی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خه‌سرۆ گۆران بۆ پێگه‌ی فه‌رمی حیزبه‌كه‌ی هۆكاری پێكنه‌هێنانی لیستێكی هاوپه‌یمانیشی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی دیكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ٢٠١٣وه‌ ئاڕاسته‌كه‌ وا ده‌خوازێت هه‌ر لایه‌نێک به‌ ته‌نیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكات چ "له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بێت یا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم."

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ڕۆژی ٣ی ٧ دوا واده‌ ده‌بێت بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا و ئاشكرایشی كرد كه‌ تا ئێستا وه‌ک پارتی ناوی كاندیده‌كانیان ڕاده‌ستی كۆمیسیۆن نه‌كردوووه‌.

خه‌سرۆ گۆران جه‌ختیشی كرده‌وه پابه‌ندی بڕیار و واده‌ی كۆمیسیۆن ده‌بن بۆ گه‌یاندنی ناوی كاندیده‌كانیان له‌ واده‌ی خۆیدا.

به‌رپرسه‌كه‌ی ده‌زگای گشتیی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكرات سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش هیوای خواست هه‌ڵبژاردنێكی پاک و بێگه‌رد بێت.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16042

Your Comment

You are replying to: .
captcha