بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شوتا تخلیدزە توێژەری پێوەندیی نێونەتەوەیی لە یاداشتێکدا کە لە ماڵپەڕی دیموکراسی نوێ بڵاو بووەتەوە دەنووسێت: گرینگترین کێشەی کوردەکانی سووریا نەبوونی نەخشەڕێگایە. ئەمریکا و تورکیا نەخشەڕێگای مەنبەجیان جێبەجێ کرد. کوردەکانی سووریاش دەبێت نەخشە ڕێگایێکیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە سووریا ببێت.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت مومکینە گوشارەکانی تورکیا لەسەر ئەمریکا بۆ جێبەجێ کردنی نەخشەڕێگایێکی نوێ لە ناوچە کوردنشینەکاندا درێژەی هەبێت و ئەمریکاش ناتوانێت «نا» بە هاوپەیمانەکەی خۆی لە ناتۆ بڵێت. ئەمریکا هەروەها بەنیازە سووریا چۆڵ بکات لە ئەنجامدا هاوپەیمانێک بۆ کوردەکان لە سووریا نامێنێت.
ناوبراو لەو باوڕەدایە هەر ڕۆژ کە تێپەڕ دەبێت دەرفەتی کوردەکان بۆ دامەزراندنی ناوچەیێکی خۆبەڕێوەبەر لە سووریا لەدەست دەدرێت. داهاتووی کوردەکانی سووریا تەنها بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوندیی سووریا دەستەبەر دەکرێت.
شوتا تخلیدزە ئاماژە دەدات بە ئامادەیی دەربڕینی دیمەشق بۆ دانووستان لەگەڵ کوردەکان و ناردنی شاندێکی کوردی بۆ دیمەشق و دەڵێت بۆ ئەوەی کە دوو لایەنەکە دڵنیا بن لە ئەنجامی دانووستانەکان، باشتر ئەوەیە کە ڕووسیا ڕۆڵی نێوەندگیریی لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بگرێتە ئەستۆ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment