‌به‌غدا‌ مووچەی 682 هه‌زار کەس دەنێرێت، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى ملیۆنێک‌ و 720 هه‌زار مووچه‌خۆره‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زیرى دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیێکی پەرلەمانی کوردستاندا ڕایگەیاند ‌به‌غداوه‌ بۆ 682 هه‌زار کەس مووچە دەنێرێت به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى ملیۆنێک‌ و 720 هه‌زار مووچه‌خۆره.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دواى ئه‌وه‌ى شاندی دانوستاندنکاری حکوومە‌تی ھە‌رێم بە‌سە‌رۆکایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی چووه‌ په‌رله‌مان ‌و کۆبوونه‌وه‌یێکى دیاری کراویان ئه‌نجام داوه‌، وه‌زیرى دارایی له‌باره‌ى لێبڕین له ‌مووچه‌ په‌یامێکى پێڕاگه‌یاندوون‌ و وتوویه‌تى: ئه‌گه‌رى به‌غدا پاره‌مان بۆ نه‌نێرێت، ئه‌وا مووچه‌ هاوشێوه‌ى مانگه‌کانى پێشوو به‌ڕێژه‌ى 21% دابه‌ش ده‌کرێت.

گوڵستان سه‌عید سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له ‌په‌رله‌مانى کوردستان لەمبارەوە به ‌شارپرێسى وتووە: "له ‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا وه‌زیرى دارایی پێیڕاگه‌یاندین، ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ دێت له‌به‌غداوه‌ بۆ 682 هه‌زار مووچه‌خۆره‌، به‌ڵام هه‌رێمى کوردستان ئێستا خاوه‌نى ملیۆنێک ‌و 720 هه‌زار مووچه‌خۆره‌".

به‌وته‌ى سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان، "وه‌ک چۆن لێبڕینى مووچه‌ بڕیارى ده‌سته‌جه‌معی بووه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا و که‌سێک به‌ته‌نها ئه‌و بڕیاره‌ نه‌داوه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێستاش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌بڕیارى ده‌سته‌ جه‌معى بڕیارى لابردن ‌و هێشتنه‌وه‌ى لێبڕینى مووچه‌ ده‌درێت".

گوڵستان سه‌عید ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد، "ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌ بنێرێت ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌درێت به ‌مووچه‌، له ‌ئه‌گه‌رى نه‌ناردنیشیا په‌رله‌مانتاران داوایان کرد، داهاته‌کان فره‌چه‌شن بکرێن ‌و که‌رته‌کانى کشتوکاڵ ‌و گه‌شتیارى ‌و پیشه‌سازى‌ و وه‌به‌رهێنان ببووژێنرێنه‌وه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1590

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha