کوردپرێس:
هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە کرد" ئەردۆغان لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە پێناو سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا دەستی کردووە بە پڕوپاگەندە، میدیاکانى سەر بە دەوڵەتی تورکیاش ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە گوایە فڕۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیێکى بەڕێوەبەرانى ئێمەیان بۆردومانکردووە و ٣٥ گەریلاش شەهیدبوون".
هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە "ئەوە پڕوپاگەندەیێکی بێ بنەمایە لە کۆشکەوە ئامادە کراوە، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە دەنگى هەندێک شۆڤێنیست و دوژمنى کورد بەدەست بهێنێت لەهەمانکاتیشدا ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەوە دەزانێت کە ئەم هەواڵە درۆیە بەڵام لە ترسی ئەوەی بە لایەنگیری تیرۆر تۆمەتباری نەکەن هەڵوێست وەرناگرێت و بێدەنگی هەڵبژاردووە".
هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە وتووشیەتی "ئێمە هەموو گەلانى تورکیا و هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە پێویستە بە خێرایى ئەو پڕوپاگەندەی ئەردۆغان پوچ بکەنەوە. ئەگەر شتێکى لەو شێوەیە رووى بدایە، نەک تەنها میدیاکانى سەر بە ئاکەپە، ئەوا هەموو میدیاکان دەکەوتنە جوڵە لەبارەى ئەو رووداوەوە، هەواڵێکى لەو شێوەیە لە هەموو میدیاکانى جیهاندا بڵاودەبوویەوە".
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ١٦ی حوزەیران رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە دواین هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر بناری قەندیل پێگەی کۆبوونەوەی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.
Your Comment