کوردپرێس:
دەمیرتاش نوسیوویەتی، "ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران کۆتایی بە دەسەڵاتداریی ١٦ ساڵەی ئاکەپە دێت، لایەنگرەکانی ئاکەپەش ئارامی و ئاشتییەک کە لەکاتی دەسەڵاتداری پارتەکەیاندا هەرگیز نەیانبینی دەیبینن، مافی ئەو ٨١ ملیۆن کەسەیە کە بە یەکسانی و ئازادی بژین".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەڵێن هەندێکجار خراپەیەک لە هەزار پەند و نەسیحەت باشترە، ئەو خراپەیەی بەسەر ئێمە هاتووە پەندێکە بۆ سەر هەموو سیاسەتمەداران، هەموو پێکهاتەکانی تورکیا دەبێت وانەیان لەم چەند ساڵە وەرگرتبێ و هەوڵبدەین بۆئەوەی دۆخەکە بۆ دۆخێکی باشتر بگوازینەوە".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئێمە پێکەوە دیموکراسییەکی بەهێز دادەمەزرێنین، ئاشتیی ناوخۆ دەخولقێنین کە عەلەوییەکان لەناویدا بژین، بە دەستووری بنەڕەتیدا دەچینەوە و چاکسازیی تێدا دەکەین، دواتر لەناو سیستمێکی دیموکراتدا پێدەنێینە پێشبڕکێیەکی سیاسییەوە، با نە ترسی پارچەبوون لەئارادابێت، نە نکۆڵیکردن لە یەکدی".
لە یەکێک لە پەیامەکاندیدا کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا نووسیویەتی، "ئەوەی ڕێگاپیشاندەرە بۆ تورکیا یەکێتیی دیموکراتییە نەک تاکپەرستی، ٢٤ی حوزەیران ڕێگا بۆ ئاشتییەکی گەورە خۆشدەکات، با هەمووان ئامادەبن بۆ ئەو گۆڕانکارییە".
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە خەڵکی تورکیا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگبدەن بە دیموکراسی، دەمیرتاش دەڵێت، "باوەڕم وایە پێکەوە دەتوانین کارێکی زۆر باش بکەین، هاوبەشبوون خۆشە، بەیەکەوە دەتوانین جوانبین، دەنگێک بۆ هەدەپە و دەنگێک بۆ دەمیرتاش بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە".
ڕاشیگەیاندووە، "کاتژمێر ٧ و ٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ ٩ و ٣٠ خولەکی شەو گردبوونەوەیەک ئەنجامدەدەم، پارێزەرەکانم ئەو پەیامەی من دەگەیەننە ئێوە، چاوەڕێتان دەکەم ئێوەش بەشداری ئەو گردبوونەوەیە بن و کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەردەبەین".
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو هاوڵاتییانی تورکیا لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ٢٧مین خولی پەرلەمان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.
Your Comment