کوردپرێس:
سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووى ناوبراوى لەسەرە داواى داخستنى کەناڵى ئێن ئاڕتى سەر بە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێى کردووە و رایگەیاندووە" کەناڵی NRT لە رێکەوتی ٥ی ٤ی ٢٠٢٠ راپۆرتێکی سەبارەت بە ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدانی نەخۆشی کۆرۆنا کرد لە هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی تەندروستیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە راستییەکان دەشارنەوە و بە هەڵە ئامارەکان رادەگەیەنن بۆ مەرامی خۆیان بە تایبەت پێنەدانی مووچە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە بێ ئەوەی پشت ببەستێ بە هیچ سەرچاوەیێکی زانستی پزیشکی."
وەزیرى تەندروستى باسى لەوەش کردووە، "ئێمە وەکوو وەزارەتی تەندروستی ئەم راپۆرتە بە چەواشەکاری و ناڕاست دەزانین هۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ پیشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ."
بەرزنجى لە نووسراوەکەیدا داواى کردوە کە رێکاری یاسایی توند بگیرێتەبەر بە داخستنی کەناڵی NRT و هەواڵەکردنی بۆ دادگا بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە کەناڵی ناوبراو کە لە کات و ساتێکی وا هەستیار و ترسناک یاری بە ئامارەکان نەکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment