دادگای فیدراڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ئاواره‌کان و ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دادگای فیدراڵی عێراق له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی خۆیدا بڕیاری دا به‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ئاواره‌کان و ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ نایاسایییه‌ و به ‌پێچه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانه‌ بۆ ده‌نگده‌ران و ره‌تی کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی 6-6-2018 بڕیاری دا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستان، ده‌نگدانی ئاواره‌کان و ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پارێزه‌ری پارتی له‌ دادگای فیدراڵی به‌ رووداوی راگه‌یاند: "سوپاس بۆ خوا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان ده‌کرد و تانه‌مان لێدابوو دادگای فیدراڵی قبووڵی کرد و ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری له‌ سه‌ردا بوو".

ئیسماعیل مه‌نده‌لاوی پارێزه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ دادگای فیدراڵی عێراق گوتی: "ئێمه‌ وه‌کوو پارێزه‌ری یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوی داواکارییه‌کانمان پێشکه‌ش کرد و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماده‌ی سێ له‌ یاسای 45 که‌ ناهه‌قی تێدایه‌ به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌کان، زۆر زۆر سوپاس بۆ خوا که‌ دادگای فیدراڵی ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ده‌کرده‌وه‌ قبووڵی کرد و ئه‌و بڕیاره‌ی ره‌ت کرده‌وه‌."

هه‌روه‌ها دوای بڕیاره‌کانی دادگای فیدراڵی رێبوار ته‌ها په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراقیش ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌وه‌ی به‌ لای ئێمه‌وه‌ گرنگ بوو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ بوو که‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان، سوپاس بۆ خوا له‌لایه‌ن پارێزه‌رانمانه‌وه‌ توانیمان دادگا بهێنینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ به‌پێی ده‌ستوور ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش که‌ نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بوو پووچه‌ڵی بکه‌نه‌وه‌ پووچه‌ڵ ناکرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ به ‌لای ئێمه‌وه‌ زۆر زۆر گرنگ بوو".

تارق حه‌رب شاره‌زای یاسا و ده‌ستوور له‌ دوای دانیشتنه‌که‌ی دادگای فیدراڵی به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند: "به‌ شێوه‌یێکی گشتی دادگای فیدراڵی پشتگیری له‌ هه‌مواری سێیه‌می یاساکه‌ کرد و ته‌نها پشتگیری له‌ دوو حاڵه‌ت نه‌بێت ئه‌ویش حاڵه‌تی یه‌که‌م ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ده‌نگدانی ئاواره‌کان و ده‌نگدانی ئاواره‌ی شاره‌کان و ده‌نگدانی تایبه‌تی کوردستان و دادگا بڕیاری دا ناکرێت ئه‌و ده‌نگانه‌ ره‌ت بکرێنه‌وه‌ به‌ڵام ده‌بێت ئه‌ژمارکردنه‌وه‌ و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به ‌ده‌ست بێت".

تارق حه‌رب گوتیشی: "یاسا‌که‌ ئه‌ژمارکردنه‌وه‌ و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی به‌ ده‌ستی بۆ که‌مینه‌کان ئیستیسنا کردبوو به‌ڵام بڕیاری دادگا ئه‌وه ‌بوو گوتی نه‌خێر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ که‌مینه‌کان وه‌کوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراقییه‌کان ده‌بێت و ده‌بێت بۆ ئه‌وانیش ئه‌ژمار کردنه‌وه‌و جیا کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به ‌ده‌ست ئه‌نجام بدرێت".

تارق حه‌رب ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌وانه‌ی دیکه‌ که‌ هاتبوون به‌ تایبه‌تی دانانی دادوه‌ر، ئه‌ژمار کردنه‌وه ‌و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ ده‌ست، دادگای فیدراڵی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دا و وه‌ڵامی تانه‌ی سه‌رۆک کۆماری، تانه‌ی ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران و تانه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانی دایه‌وه و به‌م پرۆسه‌یه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان خاڵێک به‌ ده‌ست ده‌هێنێت و خاڵێکیش ده‌دۆڕێنێ بۆیه‌ شته‌که‌ هاوسه‌نگه‌ واته‌ دادگای فیدراڵی نه‌ هه‌مووی ره‌ت کرده‌وه‌ نه‌ هه‌مووی قبووڵ کرد و چاره‌سه‌رێکی هاوسه‌نگی له ‌نێوان هه‌ر دوو لا دانا.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15823

Your Comment

You are replying to: .
captcha