بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش بێ ئاکام بوونی هەوڵی محەمەد تەوفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، هەوڵی ڕەوتە شیعەکانی ئەو وڵاتە بۆ ناساندنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کە بەشێوەی سونەتی پاش ڕووخانی ڕەژیمی بەعس لە ساڵی 2003وە لە ئەستۆی ئەم لایەنە بووە شکستی هێنا.
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی 17ی مارسی 2020 لە کۆشکی سەلام لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێرای، فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و مدحەت مەحموود سەرۆکی دادگاری فیدراڵیی ئەو وڵاتە؛ عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووی نەجەف و سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نەسر-ی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ڕاسپارد.
ئەم هەوڵەی بەرهەم ساڵح، دژایەتی و ناڕەزایی ژمارەیێک لە ڕەوتە شیعەکانی لێکەوتەوە لە سەروویانەوە هاپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی قانوون بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی. هێشتاکەیش سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو گفتوگۆی لەگەڵ کورد و سونە بۆ پێکهێنانی کابینە دەست پێنەکردووە.
سەعید مەموزینی شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی داهاتووی پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن عەدنان زورفی-ەوە دەڵێت: دائیمەن ڕای حکوومەتی هەرێم وابووە هەرکەسێک ئیحتیرامی هەرێمی کوردستان بگریت وەکوو حکوومەتێکی فیدرالی و ڕێز لە گەلی کورد بگرێت، ئەوە گەلی کورد دەنگی پێدەدات.
ناوبراو وتیشی: کورد سەنگی خۆی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ نموونە محەمەد تەفیق عەلاوی کە ئیعتیرافی بە کەس نەدەکرد دەنگی نەهێنا.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسیە لە درێژەدا دەڵێت: عێراق سێ پێکهاتەی تێدایە، ئەو سێ پێکهاتەیە دەبێت ڕازی بکرێن ئەوجا حکوومەتێکی سەرکەوتوو دروست دەبێت کە بریتین لە سونە و شیعە و کورد.
مەموزینی لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی عەدنان زورفی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و وەدەست هێنانی متمانەی لایەنەکان وتی: من ئەوە دەزانم کە لایەنە شیعەکانی لەسەر ڕاسپاردنی زورفی کۆک نین ئەگەرنە لایەنەکانی دیکە لەسەر عەدنان زورفی کۆکن.
ئەم ڕۆژنامەنووسە بەرجستە لەباەری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سەرەڕای دژایەتیی ژمارەیێک لە ڕەوتە شیعەکان و هەروەها پەسەند کراوی پەرلەمانی عێراق بۆ چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە وتی: من وەکوو ڕۆژنامەنووسێک مانەوەی هێزی ئەمریکا-م پێباشە لە عێراق.
ناوبراو درێژەی دا ئاگاشم نییە کە ئەمریکییەکان لە چ ناوچەیێک لە عێراق کشاونەتەوە بەڵام ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرچن لەم وڵاتە شەڕ دروست دەبێت و بێگومان داعش دەگەڕێتەوە و من مانەوە و وجوودی هێزەکانی ئەمریکا بە پێویست دەزانم. بۆیە نابێت بە ئیحساس و عاتیفە لەسەر ئەم بابەتە گرینگە قسە بکرت و وەکوو واقیع ئەگەر بتەوێت عێراق ئەمن و ئەمان بێت ئێستا وجوودی ئەم هێزانە پێویستە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment