کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیووز زمانحاڵی پەکەکە بڵاوی کردۆتەوە: ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، لە زینی وەرتێ ناکۆکیی لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-دا دروست بوو، ئەویش دوای ئەوەی بازگەی ئاسایشی پارتی بە بیانووی قەدەغەی هاتووچۆ رێگریی لە خەڵکی شارەدێکە کردووە، کە نیشتەجێی ڕانیەن و ویستویانە بگەڕێنەوە ناو ڕەز و باخەکانیان، لەناو ئەوانەشدا پێشمەرگە و بەرپرسی یەکێتیی هەبوون.
دوای دروست بوونی ئاڵۆزیی لەنێوان هەردوولادا، سەرئەنجام هەردوولا بە دامەزراندنی بارەگایێکی سەربازیی هاوبەش ڕێککەوتن و لیوای ٧ی پیادەی سۆران-یان لەوێ جێگیر کرد، کە لیوایێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتیە و سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە.
لە ئێستادا ئەو هێزە نزیک بە ۱٥ خانووی سەفەریان لە زینی وەرتێ داناوە و بە ئامێری شۆفڵ و بۆردزێر خەریکی سەنگەر لێدان و فراوان کردنی شوێنەکەن.
زینی وەرتێ کەوتووەتە نێوان چیای کارۆخ و چیای قەندیل، ئەو دوو زنجیرە بە یەکەوە دەبەستیتەوە و نزیکە لە بنکەکانی پەکەکە، ڕۆژنیووز ئیدیعا دەکات "چاودێرانیش لە پەڕە تایبەتەکانی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەمە پیلانی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە پەکەکە و یەکێتی و پارتی جێبەجێی دەکەن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment