کوردپرێس:
ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەیێکدا ئاماژەی بە جێبەجێ نەکرانی بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان و باشترکردنی دۆخی زیندانەکانی سووریا دەرکرابوو و نووسیویەتی: بە ناوی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتەوە لەو قەناعەتەداین کە ئازادکردنی زیندانییەکان و ڕوونکردنەوەی چارەنووسی بەبارمتەگیراوان و ڕفێندراوان تاکە دەرەچەیە بۆ چارەکردنی قەیرانی سیاسیی سووریا و تووڕەییی کۆمەڵگا دەسڕێتەوە و ئاسایش و ئەمنی سووریا زامن دەکات و متمانەی هەمەلایەنە لە نێوان گەلی سووریا دەستەبەر دەکات.
هەر لە بیاننامەکەی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتدا نووسراوە: "ئێمە شان بە شانی بنەماڵەی زیندانییان و بەبارمتەگیراوان و ڕفێندراوان دەنگمان بەرز دەکەینەوە و داوا لە دامەزاروە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە هانای دەنگی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییاناوە بێن."
لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا ئەوەش زیاد کراوە: "وێڕای ئەمانەش ئامادەییی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزاوە نێوخۆیییەکانی سووریا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەستپێشخەرییشمان ئەوەیە کە لیژنەیێک بە بەشداریی بنەماڵەی زیندانییان و پسپۆڕانی بواری مافناسی و هەڵسووڕاوانی مەدەنی پێکبهێنین."
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment