بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕایگەیاند: لەماوەی ئەم مانگەدا لەتەواوی هەرێمی کوردستان ئەو زیانانەی بەر کەرتی پەلەوەر گەیشتووە خۆی لە پێنج ملیار دینار دەبینێتەوە.
نازم عەبدوڵا جاف ڕاشیگەیاند: ئەگەر بە تێکڕا لە هەموو هەرێمی کوردستان هەزار هۆڵی بەرهەم هێنانی مریشک وەربگرین هەر هۆڵێک زیانی بە بڕی پێنج ملۆن دینار لێ کەوتبێت ئەوا بەتێکڕا هۆڵەکانی بەرهەم هێنانی مریشک لەم ماوەیەدا بڕی پێنج ملیار دینار زیانیان پێگەیشتووە.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەشدا: هۆکاری زیانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە دوو ملێۆن و ٥٠٠ هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە وەهیچ بازاڕێک نییە بۆ ساغکردنەوەی مریشک، چوونکە هەموو دووکانەکانی فرۆشتنی مریشک داخراون و هیچ سەربڕخانەیێکی گەورەشمان نییە کە ڕۆژانە فریای سەربڕینی مریشکی زۆر بکەوێت بۆیە مریشکەکان دەمێننەوە، پێویستە عەلەف و خۆراکی زیاتری بدەینی کە ئەمەش پارەی زۆری دەوێت لەکاتێکدا نرخی هەر تەنێک عەلەف ١٠٠ دۆلار لەسەرمان گرانبووە، نەبوونی بازاڕیش وایکردووە نرخ هەرزان بێت و زیانەکان زۆرتر بێت لەسەرمان.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوادەکات پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامیەت کاربکەن بۆکردنەوەی دووکانەکانی مریشک بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بازاڕەکاندا تا کێشەی کۆمەڵایەتیش دروست نەبێت لەنێوان دووکاندارەکان و کۆفرۆشەکان و خاوەن کێڵگەکان چونکە ئەوپارانەی لایانە نایگەڕێننەوە.
شایانی باسە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆپارێزی کردن و بڵاونەبوونەوەی حکوومەتی هەرێم تەواوی بازاڕ و دوکانەکانی داخستووە تا ٤/١ بۆ پاراستنی تەواوی هاووڵاتیان لەو ڤایرۆسە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment