کوردپرێس: پاش دەستلەکارکێشانەوەی زیاتر لە سێ لەسەر چواری تەواوی هاودیدانی هاوپەیمانیی لە چەند رۆژی رابردوودا و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و ئەنجومەنی جێبەجێ کردن. ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانیی کە ڕۆڵی پەرلەمانی حزبەکە دەگێڕێت هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی رادەگەیەنێت و داواش لە حزب و لایەنە سیاسی و دەزگا فەرمییەکان دەکات هیچ جۆرە مامەڵەیێک لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکەن بە ناوی هاوپەیمانیی نیشتیمانیەوە
چەند رۆژی رابردوو پاش دەستلەکارکێشانەوەی د.موئمین زەڵمی و د.کاروان حمەساڵح و عوسمان گوڵپی ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایی و دەستلەکارکێشانەوە دەستی پێکرد.
ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەنی سیاسی رایانگەیاند: "ناڕوونی لە سیاسەتی سەرۆکی هاوپەیمانی و بوونی پەیوەندی گوماناوی و پابەندنەبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ و پلانی ستراتیجی چوار ساڵی هاوپەیمانی هەبووە و ناشەفافی لە سەرچاوەکانی دارایی حیزب و چۆنیەتی خەرج کردن و ڕێگری کردن لە بەدواداچوون بۆ داهات و خەرجییەکان، کە بە هەدەردان و نەزیفی دارایی تێدایە، لە کاتێکدا تەواوی هاودیدان بە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیشەوە خۆبەخشانە و لەسەر گیرفانی خۆیان هاوپەیمانیان ڕاگرتووە. هەروەها چەقی بڕیاردان و میکانزمی بڕیاردان بەپێی بنەماکانی کاری هاوپەیمانی نەبووە و بە پێچەوانەی کاری پێکەوەییەوە بڕیار دەرکراوە، ئەمەش وایکردووە وێڕای بوونی ناڕەزایی، چەندین بڕیاڕی هەڵەی تاکڕەوانە بەسەر هاوپەیمانیدا تێپەڕێنرێت. باسیان لەوەش کردبوو ناڕوونی لە پەیوەندییە نێوخۆییە حزبی و ئیقلیمی و عێراقی و دەرەکییەکان و بوونی چەندین نیشانەی پرسیار لەسەر چۆنێتی پەیوەندییەکان، لە کاتێکدا کە ئەو ئەرکە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، یەکێک بووە لە کارە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی سیاسیی، بەڵام بەداخەوە لەدەرەوەی ئەو ئەنجومەنە هەنگاوە هەڵەکان نراون."
دەربارەی پڕۆژەی داهاتووشیان د. موئمین زەڵمی بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: بۆ پڕۆژەی داهاتوومان، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کاری سیاسی و مەدەنی خۆمان دەکەین و لە بەرەی خەڵکدا دەبین و هیچ کات ناچینە نێو بەرژەوەندی و ململانێ ناتەندروستە حیزبییە بچووکەکانەوە. پێمانوایە ئێمە و هاوڕێکانمان ئەو سامانە مرۆییەین کە دەتوانین ببنە پایەی سەرەکی بەرەی داکۆکی راستەقینە لە خەڵکی کوردستان و ئامادەیی خۆمان بۆ دەستبارگرتن لەگەڵ دڵسۆزانی خەڵک رادەگەیەنین. لە داهاتووشدا تواناکانی خۆمان لە بواری سیاسی دەخەینە خزمەتی خەڵکەوە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئێمە لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ سیاسەت و حزب لەم وڵاتەدا بەردەوامیمان بە هاوپەیمانیدا و ئەم ئاڵەنگارییە گەورەیەمان گرتە ئەستۆ، بڕیاری ئێستاشمان هەر لەسەر هەمان پرەنسیپە و لە سەر بنەمای گێڕانەوەی متمانەیە بە سیاسەتی تەندروست و نیشتیمانیانە دەستمان لەکارکێشاوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان هەریەک لە (ئەرسەلان سیدزادە) بەرپرسی دەڤەری سلێمانی و (کاوان شێخ) بەرپرسی دەڤەری هەڵەبجە و (د. سەمیرە محەمەد) بەرپرسی دامەزراوەی دارایی و ئابووری و (والی خالید) بەرپرسی دامەزراوەی گەشەپێدانی مرۆیی و (ئیسماعیل عەبدولکەریم) بەرپرسی دامەزراوەی راگەیاندن دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.
هەروەک لە روونکردنەوەیەکدا کە واژۆی د. ئیبراهیم عەبدولکەریم راوێژکاری ئارام قادر و پانزە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێوەیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لەو حزبە رادەگەیەنن.
لە روونکردنەوەکەدا باسیان لەوە کردبوو: "کارنهکردن بۆ سهرخستنی پڕۆژهی دیدگای نیشتیمانی، و کارنهکردن به پێی پهیڕهو و یاسا و عورفه حیزبیهکان، هەروەها تاکڕهوی له پیادهکرنی دهسهڵاتهکان و قۆرخکاری بههێز له کهیسی دارایی حیزب و دهرکردنی هاودیدان و بهدوادا نهچون و بێدهربهستی له کشانهوهی هاودیدان له دهڤهره جیاوازهکان، بۆیه بڕیارمان دا دهستلهکارکێشانهوهی خۆمان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین."
لەلایێکی ترەوە جێگری بەرپرسی دەڤەری سلێمانی هاوپەیمانی و شەش ئەندامی دەڤەر و دامەزراواکانی هاوپەیمانیی دەستیانلەکارکێشایەوە. هەروەک رۆژی رابردووش هەریەک لە (محەمەد عبدالله و ڤەلەنتینا عەبدولرەحمان) ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و (شوان عوسمان) وتەبێژی هاوپەیمانیی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
لەلایێکی ترەوە د. ئاڤێستا کەمال یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی لە بەیاننامەیێکدا سڕکردنی ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی ڕاگەیاند.
لە روونکردنەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانیدا هاتووە: "دەمانەوێ ڕاستگۆ بین لەگەڵتان و پێتان ڕابگەیەنین کە لە ئێستادا هاوپەیمانی نیشتیمانی بەهۆی لەدەستدانی زۆرترین ئەندامی ئەنجومەنەکانییەوە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و هەر هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنەکان لەدەرەوەی بنەمای کاری زۆرینەی هاوپەیمانیە و گاڵتەکردنە بەو پەیڕەوەی کە لە بەرواری (٩/١١/٢٠١٩) لە کۆنگرەی بەردەوامیدا بەزۆرینەی ڕەها پەسەندمان کردوە."
ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانیی ڕاشیدەگەیێنێت: "بۆیەش مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە راستەقینەیە دەکەین کە هاوپەیمانی تێدایە و ڕێگا بە خۆمان نادەین درۆ لەگەڵ هاودیدان و خەڵک و هەر کەس و لایەنێکی تردا بکەین (ڕاستیێکی تاڵمان لە درۆیێکی شیرین) پێ باشترە. بۆیە ئەم چەند خاڵە ڕادەگەیەنین:
یەکەم/ هەر هەنگاو و بڕیار و هەڵوێستێک بەناوی هاوپەیمانیی نیشتمانیەوە نایاساییە و لەدەرەوەی ڕای زۆرینەیە و هیچ لێکەوتەیێکی حساب بۆکراوی نابێت.
دووەم/ مۆڵەتی کاری حیزبی هاوپەیمانی، بەپێی یاسای حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارە (١٧)ی ساڵی (١٩٩٣)ی هەموار کراوە و بەپێی ئەو یاسایەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوە.
سێهەم/ئێمە لە هیچ بڕیار و هەنگاوێکی داهاتوو بەرپرسیار نین و مامەڵەکردن بە هاوپەیمانی نیشتیمانیەوە بە نایاسایی دەزانین.
چوارەم/ داوا لەسەرجەم هێزە سیاسیەکان دەکەین کە مامەڵە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکەن بەناوی هاوپەیمانی نیشتیمانیەوە".
Your Comment