یه‌ک که‌س له‌ که‌رکووک و شه‌ش که‌سی دیکه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌ تووشبوونی 6 که‌سی دیکه‌ به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ هه‌رێم کرد و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی که‌رکووکیش تووشبوونی ژنێکی به‌ساڵاچووی به‌ کۆرۆنا پشتڕاست کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕایگه‌یاند که‌ شه‌ش که‌سی دیکه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم هاتووه‌: له‌ به‌رده‌وامیی پشکنینه‌کان و گه‌ڕان به‌دوای گومانلێکراوان، شه‌ش تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤیدی-19) له‌ شاری سلێمانی ده‌ستنیشان کران که‌ له‌ دوو خێزانن و به‌رکه‌وتووانی توشبووی دوێنێن که‌ تووشبووه‌کان سێ ئافره‌ت، دوو منداڵ و یه‌ک پیاون و دانیشتووی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانن.

به‌ تۆمارکردنی ئه‌و شه‌شه‌ که‌سه‌ کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا له‌ هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتنه‌ 97 تووشبوو و دوو که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی سلێمانی رایگه‌یاند که‌ پێنج تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونه‌ته‌وه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌کانیان، به‌وه‌ش کۆی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ پارێزگای سلێمانی په‌تاکه‌یان په‌ڕاندووه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 27 که‌س.

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ته‌ندروستیی که‌رکووک گوتی: ئه‌نجامى پشكنینى ژنێكى ته‌مه‌ن 70 ساڵ به‌ كۆرۆنا گه‌رایه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ و به‌داخه‌وه‌ بارى ته‌ندروستیی جێگیر نییه‌ چونكه‌ قاچى شكاوه‌ و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كى دیكه‌شى له‌گه‌ڵدایه‌.

پێشتریش تووشبوونی 7 که‌سی دیکه‌ به‌ کۆرۆنا له‌ که‌رکووک تۆمار کرابوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158087

Your Comment

You are replying to: .
captcha